پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی ئاسایشی ئەفغانستان و تاڵبان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی لە شاری “لەشکەرگا”ی ناوەندی حکوومەتی هێلمەند لە باشووری ئافغانستان پێنجەمین ڕۆژی تێپەڕاند و بەرپرانی ئەفغانستانیش کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هاندان و پشتیوانیکردن لە تاڵبان تۆمەتبار دەکەن.
ڕەحمەتوڵا نەبیل سەرۆکی پێشووی ئاسایشی نەتەویی ئەو ولاتە دەڵی: هەموومان باش دەزانین کە هێرش بۆ سەر شاری” لەشکەرگا” لەلایەن گرووپی تاڵبانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە ئەنجام دراوە.
رەحمەتوڵا نەبیل لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی: ڕاستە کە قەتەریش لە پشتیوانیکردنی تاڵباندا دەوری خۆی هەیە بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر بە ئاشکرا و بۆ تێکدانی ئاسایشی ئەفغانستان پشتیوانی لەو گرووپە تێرۆریستییە دەکا.
ئەسەدوڵا خالید سەرپەرەشتیاری وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان گوتی: ئامانجی تاڵبان ئەوە بوو کە شاری لەشکەرگا کۆنتڕۆل بکەن، بەڵام بە پیچەوانەوە هێزەکانی ئاسایش و بە هاوکاریی خەڵکیهێلمەند پلانی تاڵبانیان باتڵ کردەوە،
تەواوی هێزەکانی زەوینی و ئاسمانی بۆ بەرگری لە هێلمەند لە ئامادە باشیی تەواودان و هەر زۆر زوو دیسان ناوچەکانی دەورووبەری لەشکەرگا لە بوونی تاڵبان پاک دەکەینەوە.
شایانی باسە کە چەکدارەکانی تاڵبان پێنج ڕۆژ لەمەوبەر هێرشیان کردوەتە سەر ناوچەی چوارەمی شاری لەشکەرگا ناوەندی حکوومەتی هێلمەند و نادعەلی و هەرهەوەها ڕێگای سەرەکی لەشکەرگا-قەندەهار کە بە وتەی بەرپرسانی ئاسایشی ئەفغانستان، لەم هێرشەدا دەیان کەس لە تاڵبان کوژرا و بریندار بوون، بەڵام تا ئێستا تاڵبان لەو بارەیەوە هیچ ڕوون کردەوەیەکی نەداوە.