سەرەڕای تێپەڕینی دوو حەوتوو لە دەستبەسەرکرانی سێ هاووڵاتیی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی مەریوان و سەرباری بە دواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانیان، چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان نادیارە.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٧ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان سێ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی ”دەگا شێخان“یان بە ناوەکانی ”حامید دادستان“ تەمەن ٥٤ ساڵ، ”محەمەد عەلی دادستان“ تەمەن ١٩ ساڵ (کوڕی حامید) و ”حەمدی دەبستان“ تەمەن ٤٢ ساڵیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستوونەتەوە.
هەر بەپێی ئەو سەرچاوەیە یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی دادستان لەوبارەوە وتوویەتی، لە ماوەی ١٧ ڕۆژی ڕابردوودا چەندین جار سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتمان کردووە بەڵام وڵامێکی ڕوونیان پێمان نەداوەتەوە و وتوویانە بڕۆنەوە خۆمان ئاگادارتان دەکەینەوە، کەچی هەتا ئێستا ئاگادار نەکراونەتەوە و ئەمەش بنەماڵەکەمانی نیگەران کردووە.
شایانی باسە کە ئەو سێ هاووڵاتییە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەت دەستبەسەر کراون و هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەر کردن داویانیانەتە بەر لێدان و کوتان و بێ ڕێزییان پێکردوون.