دوو کاسبکاری کوردی خەڵکی سەقز و ماکۆ لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە گیانیان لێ ئەستێندرا.
بە پێێ هەواڵی چاونیوز(ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، رۆژی سێ شەممە ٢٢ ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، لە ئاکامی ڕاوەدوونانی ماشینی دوو کاسبکاری کورد لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە، ماشینی کاسبکارانی کورد هەڵدەدێرێ و کەسێک بە ناوی هیوا وەکیلی خەڵکی سەقز گیانی لەدەست دەدا و هاوڕێیەکەی تریشی بە برینداری دەگیرێ.
لە کردەوەیەکی دیکەدا ، لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزەکانی کۆماری ئیسلامی، هاونیشتمانییەکی خەڵکی ماکۆ بەناوی ڕەسووڵ قادری ٢٨ ساڵانە لە نزیک شاری شووت بە تەقەی ڕاستەوخۆ دەپێکن و دەیکوژن.
سەرچاوەیەک باسی ئەوەی کردووە کە، ڕەسووڵ چەند کەسێکی ئەفغانی پێ بووە بەرەو وڵاتی تورکیە بڕۆن، بەڵام هێزە نیزامییەکانی ئێران ڕاستەوخۆ تەقەیان لێدەکەن و وێڕای کوشتنی ڕەسووڵ لاوێکی ئەفغانیش گولـلەی وەبەر دەکەوێ و دەکوژرێ.