وەزیری پێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران پاش ڕاپۆرتی هێرشیکی بەربڵاوەی سایبێری بە دژی وەزارەتخانەکان و ڕێکخراوە دەوڵەتییەکانی ئێران، جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە دوو ڕێکخراوی دەوڵەتی ئێران، هێرشی سایبێرییان کراوەتە سەر.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ناوەندی هاوفکری و ستراتیژی بەسیجی”ماهێر” سەر بە وزارەتی پێوەندی و زانیارییەکانی ڕێژیم ڕایگەیاندوە کە هیچ ئاسەوار و نیشانەیەکی هێرشی سایبێری بۆ سەر ڕێکخراوە دەوڵەتییەکان لە بەردەستدا نیە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیلنا، ئەم ناوەندە ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی رایگەیاندوە کە تەنیا هێرشی سایبێری کراوەتە سەر دوو ڕێکخراوی دەوڵەتی و بەرپرسانی ڕێژیم سەرقاڵی بەدواداچوونن لە سەر ئەم هێرشە.
پێش پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە لە لایەن ناوەندی”ماهێر”ەوە، ڕاپۆرتگەلێک لە پێوەندی لە گەڵ هێرشی سایبێری بە دژی ناوەندی بەندەرەکان و زۆربەی بەندەرە گرینگەکانی رێژیم لە لایەن میدیاکانەوە بڵاو کرایەوە.
ناوەندی”ماهێر” جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە پچڕانی هێڵی ئینتێرنێتی و دروستبوونی کێشە لە ڕێکخراوە دەوڵەتییەکاندا، دوای ڕاگەیاندن و ئاگادارکردنەوەی ئەم ناوەندە لە هێڕشە سایبێرییەکان هاتۆتە ئاراوە.
لە کاتێکدا تا ئێستا هیچ دەوڵەت یان گرووپێک ئەم هێرشە سایبێریانەی وە ئەستۆ نەگرتووە، دەبێ ئەو ڕاستییە باش بزانین کە ماوەی دووساڵە شەڕی سایبێری لە نێوان رێژیمی ئێران و ئیسرائیلدا بەردەوامە.
میدیای ئیسرائیلی”کان” لە ماوەی ڕابردوو دا لە بەرنامەیەکی ڕاستەوخۆدا ڕایگەیاند کە ئیسرائیل هێرشی سایبێری بەربڵاوی بە دژی بەندەرەکانی ڕێژیمی ئێران بە تۆلەی هێرشە سایبێریەکەی ڕێژیمی ئیران بۆ سەر شەبەکەی ئاوی ئیسرائیل دەسپێکردوە.