حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ڕێژیمی ئێران، بە ئاماژە بە تەواوبوونی کاتی گەمارۆ چەکوچۆلییەکانی سەر ئێران دەڵێ: لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی ڕەزبەرەوە لە گەڵ هەر کەس یان وڵاتێک کە بمانهەوێت چەکوچۆڵ دەکرین ودەیفرۆشین.
ڕۆحانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، لە دانیشتنی شاندی دەوڵەت بە ئاماژە بە دژایەتییەکانی واشینگتۆن لە هەمبەر نەمانی گەمارۆ چەکوچۆڵییەکانی سەر رێژیمی ئێران وتی: ئەو کەسانەی کە دەیانگوت ڕێککەوتنی”بەرجام” چ قازانجێکی هەبوو، ئەو ڕاستییە بزانن کە نەمانی گەمارۆ چەکەچۆڵییەکان لە سەر ئێران بە هۆی ڕێککەوتنی “بەرجام”وە بووە و ئێستا ئێمە دەتوانین لە ڕۆژی یەکشەممەوە لە گەڵ هەر کەس یان وڵاتێک کە بمانهەوێت چەکوچۆڵ بکڕین یان بیفرۆشین.
ئەم قسانەی ڕۆحانی بە دوای هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ دڕێژکردنەوەی گەمارۆ چەکوچۆلێیەکان بە دژی ڕێژیمی ئێران هاتووە، کاتێک کە شۆرای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان پێشوازی لە بڕیارنامەکەی ئەمریکا بۆ درێژ کردنەوەی گەمارۆ چەکوچۆڵییەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران نەکرد، ئەمریکا ٣٠ی خەرمانان ڕایگەیاند کە هەموو گەمارۆ نێونەتەوەییەکان بە تایبەتی گەمارۆی چەکوچۆڵ بۆ سەر ڕیژیمی ئێران نوێ دەکرێتەوە.
مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هاوکات لە گەڵ کاراکردنەوەی میکانیزمی پەلاپیتکە”ماشە” بە دژی رێژیمی ئیران ڕایگەیاند کە ئەگەر گەمارۆکان لە لایەن وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان جێبەجێ نەکرێ، ئەمریکا بە پێی بڕیاراتی نێوخۆیی خۆی گەمارۆ دەخاتە سەر هەموو ئەو وڵاتانەی کە بیانهەوێت چەکوچوڵ لە ئێران بکڕن یان چەکو چوڵیان پێبفرۆشن،
بەم پێیە حەسەن ڕۆحانی ڕۆژی چوارشەممە ئەم سیاسەتەی ئەمریکای بە شکستخواردوو ناو برد وتی: ئێمە چوارساڵ لە گەڵ ئەمریکا شەڕمان کردو و چوار ساڵ ئەمریکا هەوڵیدا پێش بە لاچوونی گەمارۆکان بگرێت بەڵام نەیتوانی و لە ڕۆژی ٢٧ی ڕەزبەرەوە گەمارۆکان کۆتایی پێدێ و ئابووری ئێران وەگەڕ دەکەوێتەوە.
گەمارۆ چەکوچۆڵییەکانی سەر رێژیمی ئێران بە هۆی تەشەنە سەندنی کێشەی نێوان ڕێژیمی ئێران و وڵاتانی ئورووپایی لە هەمبەر چالاکی ناوکی ئێران لە دەورانی سەرۆک کۆماریی “مەحموود ئەحمەدینژاد” لە ئێران هاتە ئاراوە و بە پێی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شۆرای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان و بە دوای واژۆی رێککەوتنی “بەرجام” لە ٢٧ی ڕەزبەرەوە گەمارۆ چەکەچۆڵییەکانی سەر ڕێژیمی ئێران کۆتایی پێدێ.
لە چوارچێوەی گەمارۆکاندا، شۆرای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان جیاواز لە کڕین و فرۆشتنی چەکی ناوکی، کڕینی زرێپۆشی شەڕکەر، ماشینی شەڕ، تۆپخانەی قورس، فڕۆکە شەڕکەرەکان، کەشتیی شەڕکەر، مووشەکی کرووز و باڵستیک، سامانەی مووشەکی و بەرگری مووشەکی،ڕاهێنانی سەربازی و دابین کردنی بودجە بە مەبەستی پەرەپێدان بە بەرهەمهێنانی چەکوچۆڵ، گەمارۆی لە سەر دانرا بوو.