مایک پۆمپێئۆ لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیەدا لە واشینگتۆن ڕایگەیاند: ئەگەر ڕێژیمی ئێران ملکەچ نەبێ بۆ بڕیارە نێونەتەوەیەکان، ئەمریکا بە پشتیوانیی هاوپەیمانەکانی لە جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەیهەوێت کۆتایی بە ڕێژیمی گەندەڵ و تێروریستی ئێران بهێنێت،
مایک پۆمپیئۆ: بە هەموو هێزو توانامانەوە پشتیوانی لە ئاسایش و سەقامگیری هاوپەیمانەکانمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە بەرانبەر هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران دەکەین و ڕووبەڕووی ئەو ڕێژیمە تێرۆریستە دەبینەوە.
مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، شەوی چوارشەممە ٢٣ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە واشینگتۆن وتی: ئەمریکا پشتیوانی لە هاوپەیمانەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەمبەر هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێراندا دەکا.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕەزامەندی دەوڵەتەکەی بۆ ڕێکارە تازەکانی عێراق، لە هەمبەر ڕووبەڕووبوونەوەی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەروەها پاراستنی دیپلۆماتکارەکانی ئەمریکایی لە بەغدا دەربڕی و سپاسی حکوومەتەکەی کازمی کرد.
پۆمپێئۆ وتی: ئێمە خوشحاڵین بە وەیکە دەوڵەتی عێراق، هەموو تواناکانی بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی دیپلۆماتکارە ئەمریکاییەکان لە بەغدا بەکار هێناوە و ئاسایشیان دەپارێزێ.
ناوبراو دەڵێ: میلیشیا چەکدارە تێرۆریستەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، دیپلۆماتکارە ئەمریکاییەکان کە تەنیا ئامانجیان یارمەتیدانی خەڵکی عێراقە کردۆتە ئامانج و بەردەوام هێرشیان دەکەنە سەر و رێژیمی ئێران پشتیوانیی دارایی و چەکوچۆڵیان لێدەکا بۆ هێرش کردنە سەر دیپلۆماتکارەکان و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا.
ناوبراو هەروەها ڕێژیمی ئێران بە هۆکاری ناسەقامگیری و ئاژاوە لە ناوچەکە و بەتایبەتی لە عێراقدا ناو دەبا و دەڵێ: سیاسەتی ئەو پەڕی گوشاری ئەمریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران بۆ ئەوەیە کە ڕێژیمی ئێران نەتوانێت یارمەتی دارایی و چەکوچۆڵی گرووپە تێرۆریستییەکان بکا.
مایک پۆمپێئۆ بە جەختکردنەوە لە سەر ئەوەیکە، واشینگتۆن ڕووبەڕووی هەموو هەڕەشەکانی ئێران دەبێتەوە کە دەکرێتە سەر بەرژەوەندییەکانی هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی: دەوڵەتی ترامپ زیاتر لە هەموو دەوڵەتەکانی دیکەی ئەمریکا پشتیوانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکا و دژی ڕێژیمی ئێران هەڵوێستی کاریگەری دەبێ.
مایک پۆمپێئۆ لەم کۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانیەدا ڕایگەیاند ئەگەر ڕێژیمی ئێران ملکەچ نەبێ بۆ بڕیارە نێونەتەوەیەکان، ئەمریکا بە پشتیوانیی هاوپەیمانەکانی لە جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەیهەوێت کۆتایی بە ڕێژیمی گەندەڵ و تێروریستی ئێران بهێنێت،