وەزیری دەرەوەی عەرەبستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئەمریکا وتی:چالاکی ناوکی و مووشەکیی ڕێژیمی ئێران، هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی جیهان و بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
شازادە “فەیسەڵ بن فەرحان” وەزیری دەرەوەی عەرەبستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لە گەڵ”مایک پۆمپێئۆ” وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە واشینگتۆن وتی: چالاکی ناوکی و مووشەکیی ڕێژیمی ئێران، هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی جیهان بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ڕۆژی چوارشەممە٢٣ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لە پەراوێزی وتووێژە ستراتیژیکیەکانی عەرەبستان و ئەمریکا لە واشینگتۆن بە ڕێوە چوو.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا”مایک پۆمپێئۆ” وتی: ئێمە لە گەڵ عەرەبستان بە هاوبەشیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاسایش سەقامگیر دەکەین و هێزە سەربازییەکانمان لە ناوچەکەو بە تایبەتی لە عەرەبستان زیاد دەکەین.
هەروەها پۆمپێئۆ، ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران هەڕەشەیە بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی عەرەبستان.
وەزیری دەرەوەی عەرەبستان بە جەختکردنەوە لە سەر ئەوەیکە وڵاتی عەرەبستان پێوەندییەکی باشی ئابووری و سەربازی لە گەڵ ئەمریکا بۆ جێگیر کردنی سەقامگیری و ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە وتی: گرووپە تێرۆریستەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، بەردەوام هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
فەیسەڵ بن فەرحان، بە ئاماژە بەوەیکە چالاکی ناوکی و مووشەکیی ڕێژیمی ئێران، هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی: عەرەبستان بە هەموو هێز و توانایەوە ڕووبەرووی هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ تێکدانی ئاسایش و ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا دەبێتەوە.
ناوبراو بە جەختکردنەوە لە سەر ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران، ڕێژیمێکی تێرۆریست و پشتیوانی میلیشیا تێرۆریستەکانە لە جیهاندا وتی: ڕێژیمی ئێران ئێستاش سەرەڕای ئەو هەموو گوشارە ئابووریە کە لە سەریەتی، بە مەبەستی کردەوەی تێرۆریستی و ئاژەوەگێڕی و ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا، پشتیوانی دارایی و چەکوچۆڵی میلیشیا تێرۆریستەکان دەکا.
وەزیری دەرەوەی عەرەبستان، لەم کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەدا، داوای لە هەموو وڵاتانی جیهان کرد کە دەبێ بە کۆدەنگی و بە هەموو هێز و توانایانەوە ڕووبەڕووی ڕێژیمی سەرەڕۆ و تێرۆریستی ئێران ببنەوەو کۆتایی پێبهێنن.