دایکی دوو شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بانە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی شیشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، حاجی”مریەم فەتحوڵلاهی” دایکی دوو شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستان، شەهیدان” هاشم و سەلاح مسگەری” بە هۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٩١ ساڵیدا دڵە گەورەو پڕ هیواکەی لە لێدان کەوت و بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
جێگای ئاماژەیە هاوژینی دایە “مریەم” بە ناوی “حەبیبوڵا مسگەری” یەکێک لە ئەندامان و دڵسۆزانی حیزب و گەلەکەمان بووە، کە بەردەوام لە خزمەت حیزب و نەتەوەکەیدا بووە و ماڵەکەیان هەمیشە جێگای حەسانەوەی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بووە.
شایانی باسە دایە “مریەم فەتحوڵلاهی” و هاوژینی نەمری کاک “حەبیبوڵا مسگەری” لە پێناو ئازادی نیشتمانەکەیاندا، دوو ڕۆڵەی قارەمانیان بە ناوەکانی “شەهید سەلاح وشەهید هاشم مسگەری “پێشکەش بە بارەگای ئازادی کوردستان کردوە، هەروەها هەر لەو بنەماڵە دێموکرات و کوردپەروەرەدا، کوڕێکی دیکەیان کە ئەندامی چالاکی حیزبی دێموکرات بوو لە وڵاتی فینلاند بە داخەوە، بە هۆی ڕووداویکی نەخوازراوەوە گیانی لە دەس داوە.
هەروەها برایەکی حاجی مریەم بە ناوی کاک حەمە ڕەشید فەتحوڵاهی لە ساڵی ٥٤ی هەتاوی بە هۆی بەشداری لە شۆڕشی گەلەکەمان لە باشووری کوردستان لە لایەن رێژیمی بەعسەوە لە سێدارە دەدڕی.
شایانی باسە کە بنەماڵەی حاجی مریەم لەو بنەماڵە حیزبی و نیشتمانپەروەرانە بوون کە هەمیشە ئامادەبنوون سەروماڵیان لە پێناو ئاوات و ئامانجەکانی حیزب و گەلدا دابنێن و بە دڵئاوەڵاییەوە لەو ڕیگایەدا چەندین کەسیان گیانی خۆیان کردۆتە دیاری بۆ ڕزگاری گەل و نیشتمانەکەمان.
حیزبی دێموکرات و بە گشتی خەڵکی کوردستان بە تایبەتی شانازی بەو بنەماڵە شۆڕشگێڕانەوە دەکەن کە بە هەموو توانایانەوە بە ئەرکی سەرشانی خۆیان هەستاون و لە ڕێگای ڕزگاری و سەربەستیی نیشتمان و نەتەوەکەیاندا قوربانییان داوە و جگەر گۆشەکانیان بۆ پاراستن و بەرگری لە مان و مەوجودییەتی کورد و کوردستان پێشکەش نەتەوەکەیان کردووە.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێرای داخ و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچی دوایی دایە مریەم فەتحوڵاهی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕیزیان و خزم و کەسوکاری ئەو خاتوونە مەزنە دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.