لە ٢٤کاتژمێری ڕابردوودا ٢٥٤کەسی تووشبووی پەتای کۆرۆنا لە ئێران گیانیان لە دەستداوە.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕێژیمی ئێران، لە پێوەندی لە گەڵ دوایین ئامارەکانی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە هۆی پەتای کۆرۆناوە لە ئێران وتی: لە ٢٤کاتژمێری ڕابردوودا ٢٥٤کەسی تووشبووی پەتای کۆرۆنا لە هەموو ئێران گیانیان لە دەستداوە و بەم جۆرە ئاماری گیانلەدەستداوان بە هۆی پەتای کۆرۆناوە گەیشتە ٢٩ هەزارو ٧٠ کەس و تائێستا ٣٠ پارێزگا لە ئێران لە بارودۆخی مەترسیدان.
سیما سادات لاری وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕێژیمی ئێران ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، لە هەمبەرئامارەکانی تازەترین تووشبوانی پەتای کۆرۆنا و گیان لە دەسدان بە هۆی ئەم پەتایەوە وتی: لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، بە پێی ڕاگەیاندنی ناوەندە تەندروستیەکان، چوارهەزار و ١٠٨ کەس تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و بارودۆخی تەندروستی هەزارو ٩٤٩ کەسیان ناجێگیرە و بەم پێیە ئاماری تووشبوان بە گشتی لە ئێران گەیشتە ٥٠٨ هەزار و ٣٨٩ کەس.
لاری دەڵێ: تا ئێستا ٤١١هەزار و ٨٤٠ کەس لە تووشبوانی پەتای کۆرۆنا چاک بوونەتەوە و هەروەها باری تەندروستی ٤هەزار و٥٧٠ کەس ناجێگیرە و لە ژێر چاوەدێری ورد لە نەخۆشخانەکاندان.
لاری دەڵێ: بە هۆی کەمی تەخت و پێداویستیە سەرەتایەکان ناتوانین زۆربەی نەخۆشەکان لە نەخۆشخانەکان چاوەدێری بکەین و بەڕێیان دەکەینەوە بۆ ماڵەکانیان و ئەمە هۆکارێکە بۆ گیانلەدەسدانی زیاتری تووشبوان بەم پەتایە.
هەروەها ناوبراو دەڵێ: ئاماری ڕۆژانەی تووشبوان بە پەتای کۆرۆناوە لە ئێران بەردەوام لە هەڵکشاندایە و هۆکارەکەی بۆ پابەند نەبوونی خەڵک بە ڕێنوێنیە تەندروستیەکان دەگەڕینێتەوە و وتی: خەڵکی هەژار و بێ دەرەتان بۆ بەڕێکردنی باری گوزەرانی ڕۆژانەیان بە هەزاران کەس لە ڕۆژدا دێنە سەر شەقامەکان و هیچ مەرجێکی سەرەکی تەندروستی ڕەچاو ناکەن و زۆرتر بەم هۆیەوە تووشی ئەم پەتایە دەبن.
سیما سادات لاری دەڵێ: لە ئیستادا زۆربەی پارێزگاکان لە دۆخی سوور و مەترسیدان و ئەم شەپۆلە تازەیەی پەتای کۆرۆنا زۆر مەترسیدارترە لە شەپۆلەکانی پێشووتر.