عەلەمەلهۆدا پێشنوێژ و نوێنەری “خامنەیی”لە دیدارێکدا لەگەڵ کۆمەڵێک لە خوێندکارانی زانکۆی فیردۆس، سەبارەت بە نابەرابەری ژن و پیاو گوتی: جیاوازیی رەگەزی خودا خوڵقاندوویەتی بەڵام بیرمەندێک باسی لەوە نەکردوە کە لە نێوان ژن و پیاو لە بارەی مافەوە جیاوازییەک هەیە و ئەمە هەڵەیەکی گەورەی بیرمەندانی نەزانە.
ناوبراو ئەوەشی زیاد کرد کە لە ئیسلامیشدا ژن و پیاو مافی هاوبەشیان هەیە و جیاوازییەکان تەنیا شێوەی داواکارییەکانن.
عەلەمەلهۆدا کە یەکێک لە بەرهەڵستکارە توندەکانی دووچەرخەسواری ژنانە لە کۆمەڵگەی گشتیدا، ڕەزامەندی خۆی لەگەڵ دووچەرخەسواری ژنان بە دوو مەرج دەربڕی ئەویش ئەوەیە کە نابێ بە دەرکەوتنی خشڵ و زێرەکانیان و شێوەی پۆشینی جلەکانیان سەرنجی خەڵک بۆ لای خۆیان راکێشن.
شایانی باسە کە، پێشنوێژی مەشهەد پێشنیاری ئەوەی کرد کە بۆ دووچەرخە سواری ژنان پارکێکی تایبەت بەو وەرزشە دابین بکرێت و پیاوان بۆیان نەبێ بچنە ئەو شوێنە.
ناوبراو پێشتر پێوابوو دانیشتنی ژنان لەسەر زینی دووچەرخە “یاری کردنە بە ئیمانی پیاوان” و سەرنجی ئەوان لە باری حەزی ڕەگەزییەوە بۆ لای خۆیان رادەکێشێ، بۆیە داوای لە بەرپرسانی باڵای دەسەڵات کرد کە پێش بە دووچەرخەسواری ژنان لە شەقامە گشتییەکان بگرن.
جێگای ئاماژەیە کە کلتوور و یاسایی مەزهەبیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام هەوڵی سنووردارکردنی ئازادییەکان و بەرتەسککردنەوەی بیری خەڵکی ئێرانی داوە و لەو پێوەندییەشدا پێشنوێژی هەینیی تاران” ئەحمەد خاتەمی” چەند ڕۆژ پێش گوتبووی کە هۆکاری هاتن و تەشەنەسەندنی پەتای کۆرۆنا جل و بەرگ و ڕەفتاری نەشیاوی ئافرەتانی کۆمەڵگەیە و هەرچی ژنان کەمتر پۆشتە بن کۆرۆناش زۆرتر پەرەدەستێنێ.