میدیاکانی رووسیە ڕایانگەیاند سوپای ئەمریکا دەستیکردووە بە دروستکردنی بنکەیەکی سەربازی نوێ لە “باغۆز”ی سووریە لە دەوروبەری دێرەزوور.
دروستکردنی بنکەی نوێ سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەی باغۆز کە لەدەستی هێزەکانی سووریەی دێموکرات دایە، دەبێتە هەنگاوێکی نوێی ئەمریکا بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە بەشێکی ناوچەکانی سووریە بە هاوبەشی لەگەڵ هەسەدە، لەکاتێکدا سەربازانی ئەمریکا لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریە چەند ساڵێکە بە هاوبەشیی هەسەدە ، شەڕی داعش دەکەن.
ئەمریکا چەند بنکەیەکی لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سووریە هەیە، یەکێکیان بنکەی” قەسر” کە لە رۆژهەڵاتی تل تەمر و سەر رێگەی ئێم فۆر،( ئەو بنکەیە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش بەکاریدێنێت)، هاوکات بنکەیەکی سەربازیشی لە کۆبانێ و لە نزیک سنووری تورکیا هەیە، لە دێرەزووریش بنکەیەکی لە ناو کێڵگەی” ئەلعەمری” نەوتی داناوە، کە گەورەترین بنکەی سەربازییە، جگە لەو بنکەیەکی دەکەوێتە نزیک کێڵگەی نەوت لە دێرەزوور و بنکەی “روەیشد” کە دەکەوێتە سێگۆشەی بادیە و پارێزگاکانی حەسەکە، رەققە، دێرەزوور بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بە دانانی بنکەکەی باغۆز دەبێتە چوارەم بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە دێرەزوور.
هاوکات لە باشووری رۆژهەڵاتی سووریاش، ئەمریکا هاوبەشی دەکات لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بنکەی تنەف کە دەکەوێتە سێگۆشەی سنووریی نێوان سووریە، ئوردن و عێراق.
شایانی باسە کە دروستکردنی بنکەی نوێ ئەمریکا لە سووریە وڵاتانی ئێران، ڕووسیە، تورکیە و سووریەی تووڕە کردووە و ئەوان نیگەرانن بەوەیکە ئەمریکا لەبەر بەرژەوەندی خۆی پشتیوانی کوردانی ڕۆژئاوا بکا بۆ جیاکردنەوەی هەرێم یان قەبارەیەکی سەربەخۆ یان نیمچە سەربەخۆی کوردی لەو ناوچانە.