ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەویی داوای هەڵوەشاندنەوەی حوکمی سێدارەی “بەرزان نەسڕوڵازادە” دەکات
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەویی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند کە” بەرزان نەسڕوڵازادە “موسڵمانی سوننی و خەڵکی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە تەمەنی ١٧ساڵیدا لە لەیەن هێزە چەکدارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە، لە ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی دەسبەسەر کراوە و لە لایەن رێژیمی ئێرانەوە حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپاوە دەبێ حوکمەکەی هەڵبوەشێتەوە.
لێبوردنی نێونەتەوەیی گوتوویەتی، ناوبرای بۆ ماوەی چەندین مانگ لە یەکێک لە گرتووخانەکانی ئیتلاعاتی سنە دەسبەسەر کرابوو، بێ ئەوەی هیچ هەواڵێکی بنەمەڵەی خۆی بزانێت، هیچ پارێزەرێکی نەبووە و بە پێی هەموو یاساکانی نێونەتەوەیی و مرۆیی حوکمەکەی نادادپەروەرانە و دژە مرۆییە کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بە سەریدا سەپاوە، هەر بۆیە بەرپرسانی قەزایی ڕێژیمی ئێران دەبێ ئەو حوکمە هەڵبوەشیننەوە.
ئەم ڕێکخراوە مرۆییە هەروەها لە تویتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێران دوای چین بەرزترین ڕێژەی لەسێدارەدانی لە جیهاندا تۆمار کردووە و ئەو ڕێژیمە لە سێدارەدانی وەکوو چەکێک لە بەرانبەر جیابیران و دژبەرانی خۆیدا بە کار هێناوە و دەیهێنێ.