باڵوێزی عەرەبستان لە حەفتاوپێنجەمین دانیشتنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان وتی: دەبێ هەموو هەوڵی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ لە ناو بردنی چەكی ناوکی و ڕووبەڕووبوونەوەی تێرۆریزم لە جیهان و بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێ.
عەبدوڵڵا ئەلموعەلمی، باڵوێزی عەرەبستان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی دووشەممە ٢١ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران لە گرووپە چەکدارە تێرۆریستەکان پێشێلکردنی بڕیارنامە نێونەتەوەییەکانە و دەبێ بە خێرایی پێش بەو ڕێژیمە بگیردرێ.
ئەلموعەلمی، لە حەفتاوپێنجەمین دانیشتنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان وتی: دەبێ هەموو هەوڵی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ لە ناو بردنی چەكی ناوکی لە جیهان و بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێ.
ناوبراو دەڵێ: جێگای داخە کە ڕێژیمی ئێران دەبێ لە ڕووبەڕووی هەوڵە جیهانیەکان و ناوچەیەکان بۆ درووست کردنی ناوچەیەک بە بێ چەکی ناوکی و سەقامگیر بوەستێتەوە، بەتایبەت کە کۆدەنگی جیهانی و ناوچەیی لە سەر ئەوەیە کە دەبێ ناوچەیەکی ئارام و دوور لە چەکی ناوکیمان هەبێ.
باڵوێزی عەرەبستان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان وتی: پشتیوانی پێشووتری وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنی”بەرجام” بە هۆی ئەوەوە بووە کە هەموو هەوڵێک بۆ پێشگرتن بەربڵاوی چەکی کوشتاری بە کۆمەڵ لە ناوچەکە و جیهان بکرێ، دەنا وڵاتی ئێمە باش دەزانێ کە ڕێژیمی ئێران جێگای متمانە نییە.
هەروەها باڵوێزی عەرەبستان، ناڕەزایەتی وڵاتەکەی لە هەمبەر پابەند نەبوونی ڕێژیمی ئێران بە ڕێککەوتنی ناوکی ڕاگەیاندو وتی: ئاخرین پێشێلکاری ڕێژیمی ئێران ڕاپۆرتی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەیە کە ئاماژە بە ١٠ هێندەی ڕێگا پێدراوی ئۆرانیۆمی پیتێندراو لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەکا.
ناوبراو لە ڕێکخراوی نێونەتەوەی جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە دەبێ کۆمەڵگەی جیهانی کۆتایی بە سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێران کە پشتیوانی سەرەکی تێرۆریستە لە ناوچەکەو جیهاندا و هۆکارە بۆ ناسەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێنێت.