میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا وحکوومەتەکەی کازمی لە عێراق و ناوچەکە دەکەن
میلیشیا چەکدارەکانی حیزبوڵای عێراق کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانی دارایی و چەکوچۆڵییان دەکرێ، یەکێکە لەو گرووپە میلیشیایانەی سەر بە تاران، کە بڕیاری داوە هێرشەکانی بۆ سەرهێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا بۆ ماوەیەکی کاتی ڕابوەستێنێ، بەومەرجەی کە هێزە ئەمریکاییەکان، عێراق بەجێبهێڵن.
ئەبوو عەلی عەسکەری، یەکێک لە بەرپرسانی باڵای گرووپی چەکداری حیزبوڵای عێراق لە ڵاپەڕەی تویتێرەکەیدا دەڵێ: ئەگەر هێزەکانی حەشدی شەعبی لەلایەن هەر هێزێکەوە بە تایبەتی هێزە عێراقییەکان کە لە ژێر فەرمانی “کازمی” سەرۆک وەزیرانی عێراقدان هێرشیان بکرێتە سەر، چەکدارەکانی حیزبوڵا هەموو ڕێککەوتنێک وەلا دەنێن و هێرشە مووشەکییەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا دەسپێدەکەنەوە.
عەسکەری بەزمانێکی توندی تێکەڵ بە هەڕەشەوە دەڵێ: ئەگەر هێرش بکرێتە سەر گرووپە چەکدارەکانی سەربە کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەوە ئێمە هێرش دەکەینە سەر هەموو بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و تەنانەت عێراقیش.
جێگای ئاماژەیە حەوتوویەک دوای هەڕەشەی ئەمریکا بۆ داخستنی باڵوێزخانەکەی لە بەغدا ڕایگەیاند کە لە ئەگەری دووبارە بوونەوەی هێرشەکان بۆ سەر باڵوێزخانە و بنکە سەربازیەکانمان، گەمارۆی قورسی ئابووری دەخەینە سەر عێراق .
سەرۆک وەزیرانی عێراق کازمی، هەموو هەوڵ وتوانیای حکوومەتەکەی بە کار هێنا بەڵکوو بتوانێ پێش بە گرووپە چەکدارانەی سەر بە ڕێژیمی ئێران بگرێ و سزایان بدا.
محەممەد مەحی، وتەبێژی میلیشیاکانی حیزبوڵای عێراق، لە وتووێژیک لە گەڵ هەواڵدەری ڕۆیتێرز، وتوویەتی: هێنێدێک لە گرووپە چەکدارەکان بە تایبەت گرووپی حیزبوڵای عێراق، کە هێرشی مووشەکیمان کردۆتە سەر باڵوێزخانە ئەمریکا، لە گەڵ دەوڵەتی عێراق ڕێککەوتووین بەو مەرجەی ئەمریکا عێراق بە جێبهێڵێت هێرشەکانمان دووبارە ناکەینەوە.
هەروەها ناوبراو دەڵێ: کاتمان بۆ چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دیاری نەکردووە، بەڵام ئەگەر دەوڵەتی عێراق بیهەوێت پێبەند نەبێ بە بڕیاری پارلمانی عێراق و ڕێککەوتن لە گەڵ گرووپە چەکدارەکان، ئەوە دووبارە بە هەموو ئەو چەکوچۆڵەی کە لەبەردەستمان دایە هێرش دەکەینەوە سەر بنکە و هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و دەورووبەر.
محەممەد مەحی دەڵێ: هێرشی مووشەکی بۆ سەر باڵوێزخانە و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا، پەیامێک بوو کە بۆ ئەمریکامان نارد و هەڕەشەی کرد کە لە دواڕۆژدا هێرشەکان بۆ سەر ئەمریکا بەربڵاوتر دەکەینەوە.