مامۆستایەکی قوتابخانە، بە تاوانی کێشانەوەی کاریکاتۆرێک بە لێدانی ٤٥ قامچی سزا دەدرێ.
مامۆستایەکی قوتابخانە لە تاران، دوای کێشانەوەی کاریکاتۆرێک و بڵاوکردنەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە تۆمەتی”سووکایەتی کردن بە بەرپرسانی ڕێژیم” بە لێدانی ٤٥ قامچی لە لایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە سزادرا.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی “عەسری ئێران”، دەزگای قەزایی ڕێژیم، “ڕەزا نێهزەت” یەکێک لە مامۆستایانی پەروەردەی قوتابخانەکانی تارانی بە لێدانی ٤٥ زەربە لێدانی قامچی بە هۆی کێشانەوەی کاریکاتۆرێک سزاداوە.
جێگای ئاماژەیە کە موحسین میرزایی و تورکەمەن ئەڵایار جێگرانی وەزیری پەروەردەی ڕێژیمی ئێران، سکاڵایان بە دژی ئەو مامۆستایە لە دادگای تاوانەکەنی تاران تۆمار کردوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، تاوانی ئەم مامۆستایە” سووکایەتی بە بەرپرسانی ڕێژیم” لە ڕیگای کێشانەوەی کاریکاتۆر و بڵاوکردنەوەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندایە بەڵام هیچ ئاماژەیەک بەوە نەکراوە کە کاریکاتۆری کام بەرپرسی ڕێژیمی کێشاوەتەوە .
شایانی باسە کە دوای بڵاو بوونەوەی هەواڵی سزادانی ئەم مامۆستایە، زۆربەی مامۆستاکان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین، لە بەردەم وەزارەتی پەروەردە لە تاران کۆبوونەوە.