دوو منداڵی تەمەن ١٠ تا ١٢ ساڵ لەبەر نەبوونی و هەژاری بنەماڵەکانیان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.
بەپێی هەواڵی چاونیوز(ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، ڕۆژی دووشەممە ٢١ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، منداڵێکی تەمەن ١٠ ساڵ بەناوی “مۆرتێزا نیرومەند” خەڵکی ئیلام، لەبەر نەبوونی و هەژاری کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
هەر لە درێژەی ئەو هەواڵەی چاونیوزدا هاتووە، هەر لەم ڕۆژەدا منداڵێکی دیکە بەناوی “سرووش ڕەزایی” کوڕی فارووق خەڵکی بیجار، کە ئەویش لە بنەماڵەیەکی هەژار و دەستکورت بووە ، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
ڕەوشی نالەبار و ئاڵۆزی ئابووری و سیاسیی لە کوردستان وایکردووە کە دیاردە نەخوازراوەکان و یەک لەوانە خۆکوژی ڕوولە زیادبوونە و بەتایبەت کە خەریکە ڕوو لە منداڵانی نیشتمانەکەمانیش دەکا و هەرچەند هەنگاوی سەرەکی بۆ نەمانی ئەم دیاردانە و سەرجەم سڕینەوەی کێشەکان، سڕینەوەی بنەمای ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە بەڵام بنەماڵەکان دەبێ زۆر زیاتر لە جاران ئاگاداری دۆخی دەروونیی جگەرگۆشەکانیان بن.