ئاماری کوژراوانی تەقینەوەکەی بازاڕچەی عامری لە شاری ئەهواز گەیشتە ٥ کەس و ٩ کەسیش بریندار بوون.
چەند کاتژمێر دوای تەقینەوەکەی ناوچەی عامری ئەهواز، بەرپرسی ئاگرکوژێنەوەی ئەو شارە ڕایگەیاند کە لەم ڕووداوەدا ٥کەس گیانیان لە دەستداوە و ٩ کەسیش بریندار بوون.
ئیبراهیم قەنبەری، بەرپرسی ئاگرکوژێنەوەی ئەهواز، ڕۆژی یەکشممە ٢٠ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی ڕایگەیاند کە بە هۆی ئەم تەقینەوەوە ٤ خانوو و ٦ دوکان ڕووخاوە و ٥ کەس گیانیان لە دەستداوە و ٩ کەسیش بریندارن.
بە پێی راپۆرتی ئیلنا، تەقینەوەکە کاتژمێر ٨:٤٠خولەکی بەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی لە خانوویەک لە بازاڕچەی عامری لە ئەهواز ڕووی داوە.
قەنبەری وتی: بە هۆی تەقینەوەکەوە چەندین ماشین و دوکان زەرەر و زیانیان بەرکەوتووە.
موجتەبا خالێدی، وتەبێژی فریاکەوتنی خێرای رێژیمی ئێران، بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەیکە هۆکاری تەقینەوەکە تا ئیستا ڕوون نەبۆتەوە وتی: هێندێک کەس هۆکاری تەقینەوەکە بە گازی شاری دەزانن.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، بە هۆی تەقینەوەکەوە زەرەرو و زیانێکی زۆر بەر خانووبەرەکانی ئەو ناوچەیە کەتووە و بازاڕچەی عامری داخراوە.
شایانی باسە کە تەقینەوە لە بازاڕچەی عامری ئەهواز یەک ڕۆژدوای، تەقینەوە لە شارەکێکی سەنعەتی نزیک شاری تاران ڕوویداوە.
حەسەن کوهنشین، بەرپرسی شارەکی سەنعەتی” شمس ئاباد” لە شاری ڕەی، ڕۆژی یەکشەممە بە ئیرنای ڕاگەیاند، کە ئەم تەقینەوەیە نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ١٩ی ڕەزبەر ڕوویداوە و ٢ کەسیش کوژراون.
بەوتەی ناوبراو تەقینەوەکە بە هۆی قەڵشانی کوورەی تواندنەوەی ئاسن لە کۆمپانیای”پاک برێنز” ڕوویداوە.
کوهنشین دەڵێ: بە هۆی تەقینەوەکەوە ٥ کەس بریندار بوون کە ١ کەسیان باری تەندروستی ناجێگیرە و گوازراوەتەوە بۆ ناوەندەکانی دەرمانی.