بەهای دۆلاری ئەمریکا لە ئێران، سنووری ٣١هەزار تمەنی تێپەڕاند و بەرپرسانی ڕێژیمیش یەکتر بە گەندەڵی و دزی تۆمەتباردەکەن.
بە پێی کۆتا ئامارەکان کە میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاندوە، بەهای دۆلار هەڵکشاوە و گەیشتووەتە سنووری ٣١هەزار و ٧٠٠تمەن و هەروەها بەهای سکەش لە بازاڕەکانی ئەمڕۆ هەڵکشاوە و گەیشتووەتە ١٦میلیۆن تمەن.
هەواڵدەری” تەسنیم” سەر بە سپای پاسداران لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی کە کۆی گەمارۆ نوێیەکان بۆ سەر بانکەکانی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە، هۆکاری سەرەکی هەڵکشانی نرخی دراو و سکەیە لە ئێران.
وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکاش چوار ڕۆژ لەمەوبەر لە درێژەی چڕبوونەوەی گەمارۆکان دژ بە ئێران، ١٨بانکی ئێرانی کە تا ئێستا گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەریان نەبوو کەوتنە لیستی ڕەشەوە.
جێی ئاماژەیە کە بەهای دۆلاری ئەمریکا لە سەرەتای ئەمساڵ ١٦هەزار تمەن بوو، بەڵام بە پەلە ڕەوتی هەڵکشانی بە خۆوە بینی و ئێستا بە بەهای دوو هێندەی سەرەتای ساڵ، کڕین و فرۆشتنی پێ دەکرێت.
بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران لە مانگەکانی ڕابردوو لە حاڵەتێکدا بە ڕژاندنی دۆلار لە بازاڕەکان بەهای دۆلاری کەم کردەوە بەڵام بەراوەردەکانی ئابووری ئەوە دەخەنەڕوو کە بە بوونی کێشەکان و قەیرانەکانی هەنووکەیی ئابووری، بانکی ناوەندی ناتوانێ بەشێوەی بەردەوام ئەو سیاسەتە بەرەو پێش ببات.
کەماڵ خەڕازی سەرۆکی شوورای ڕێکاری پەیوەندییەکانی دەرەوەی ڕێژیم ئێران لە بارەی گوشاری گەمارۆکان دژ بە ڕێژیمی ئێران بانگشەی کرد کە، گرانی بوونی هەیە بەڵام خەڵک بەرگەی گوشاری ئابووری دەگرن.
موحسین ڕەنانی ئابووریناس و مامۆستای زانکۆی ئیسفەهان چەند ڕۆژ لەمەوبەر داوای لە حەسەن ڕۆحانی کرد بە زووترین کات ڕۆڵی دزی و گەندەڵیی ئابووریی سپای پاسداران لە بابەتی دراو ئاشکرا بکات، دەنا لە ژێر گوشاری سپادا بە تەواوی ئیفلیج دەبێ.
موحسین ڕەنانی سپای پاسدارانی تۆمەتبار کرد کە بە بەکار هێنانی ئامرازە بەهێزەکانی ئابووریی خۆی دەیهەوێ دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانی بشکێنێ.
ناوبراو بە ئاماژە بە هەڵکشانی بێپێشینەی بەهای دۆلار لە ئێران گوتی: تەواوی بەڵگەکان ئەوە نیشان دەدەن کە بابەتی دراو هەنگاوێکی تەواوی سیاسیە و دەستی سپای تێدایە، هەروەک چۆن لە بابەتی دەسبەسەرکردنی چالاکانای ژینگەپارێز و کوشتنی سەعید ئیمامی دەستی هەبووە، لە باتەتی دراویشدا دەستی هەیە.
ڕەنانی وتی: ئەگەرڕۆحانی کەمتەرخەمیی بکات و ڕاستییەکان بە خەڵک نەڵێت ، بە دڵنیاییەوە دەوڵەتەکەی لە لایەن سپاوە، ئیفلیج دەبێ.
شایانی باسە ئەم مامۆستای زانکۆیە ئەوەشی زیاد کرد کە، سەتا٦٠ی پارەی وڵات لە ژێر دەستی “سپای پاسداران، بنیادی مستەزعەفان، بنیادی تەعاون، بنیادی بەرەکەت، بنیادی مەسکەنی ئینقلاب، ناوەندی فەرمانی خومەینی، بنیاندی عەلەوی، بنیادی کەرامەت، ئاستانی قودس”ە کە لە بنەڕەتدا دەوڵەتی سێبەر دروست دەکات و هەرکات بیهەوێ لە ڕیگەی جۆراوجۆرەوە بۆ نموونە لە ڕێگەی بازاڕی دراو یان زێڕ و یەکەی نیشتەجێبوون، ئابووری ئێران ئیفلیج و دەوڵەت بێ کەڵک بکات.