کۆماری ئازەربایجان و ئەرمەنستان پاش ئاگربڕێکی کورت شەڕیان دەپێکردەوە و یەکتر بە پێشێلکردنی ئاگربرەکە تۆمەتبار دەکەن.
چەند کاتژمێر دوای ڕاگەیاندنی ئاگر بەس لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان، هەواڵدەریەکان باس لە شەڕ دەکەن لە نێوان ئەو دوو وڵاتە و هەردووک وڵات یەکتر بە پێشێلکردنی ئاگربەس تۆمەتبار دەکەن.
ئاگر بەس لە نێوان ئەو دوو وڵاتە لە سەر داوای ڕووسیە و گوشاری نێونەتەوەیی ڕۆژی شەممە ١٩ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی ڕاگەیاندرا بوو.
بەرپرسانی ئازەبایجان ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، ڕایانگەیاند کە لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەس لە پێشدا تۆپخانەکانی ئەرمەنستان، شاری”گەنجە” دووهەمین شاری گەورەی ئازەربایجانیان کردۆتە ئامانج و بەم هۆیەوە ٧ کەس کوژران و دەیان کەسیش بریندار بوون.
وەزیری بەرگری ئەرمەنستانیش دەڵێ: بەرپرسانی ئازەربایجان چەواشەی ڕاستییەکان دەکەن و لە پێشدا ئەوان هێرشیان کردۆتە سەر ناوچەی”قەرەباغ” و بۆمبارانیان کردووە.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، لە سەر داوای ڕووسیە و گوشاری نێونەتەوەیی، ڕۆژی شەممە، ئەو دوو وڵاتە ئاگر بەسیان ڕاگەیاند، بەڵام چەند کاتژمێر دوای ئاگربەسەکە دووبارە هێرشەکانیان دەستپێکردەوە و هیچ لایەنێکیان پێبەند نەبوو بە ئاگر بەسەکە.
لە ئاکامی شەڕ لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا تا ئێستا بە سەدان کەس کوژراون و بە هەزاران کەسیش بریندارن، لەم نێوانەشدا ئەو دوو وڵاتە یەکتر تۆمەتبار دەکەن بە هێرش کردنە سەر کەسانی مەدەنی.