وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا بە هۆی پەتای کۆرۆناوە ٢٥١ کەس گیانیان لە دەستداوە و بەم جۆرە ئاماری گیانلەدەستدان لە ئێران گەیشتە ٢٨ هەزار و٥٤٤ کەس.
سیما سادات لاری، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕێژیم ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، ڕایگەیاند کە گیان لە دەستدان بە هۆی پەتای کۆرۆناوە لە ئێران لە هەڵکشاندایە و نەخۆشخانەکان و کادری دەرمانی فریای چارەسەر کردنی نەخۆشەکان ناکەون.
بە وتەی ناوبراو لە ماوەی ٢٤کاتژمێردا، ٣هەزار و ٨٢٢کەس تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و بەم جۆرە ئاماری تووشبوان بە پەتای کۆرۆنا گەیشتە ٥٠٠هەزار و ٧٥ کەس.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕێژیم ڕایگەیاند کە بە هۆی نە بوونی پێداویستیە سەرەتاییەکان و کەمیی تەخت بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشەکان لە هەموو نەخۆشخانەکانی ئێراندا و بەهۆی پابەند نەبوونی خەڵک بە ڕێنوێنیە پزشکیەکان، ئاماری گیانلەدەستدان بە هۆی پەتای کۆرۆناوە ڕوو لە هەڵکشانە و زۆربەی پارێزگاکان لە دۆخی مەترسیدان.
سیما سادات لاری دەڵێ: بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی بەردەوام بەڵێن بۆ چارەسەری کێشەی پەرستار و کادری دەرمانی دەدەن و بەڵینیەکانیان جێبەجێ ناکەن، بە داخەوە کادری دەرمانی ئێمە سەرەڕای ئەوەی کە گیانیان لە مەترسیدایە، لە بارۆدۆخێکی خراپی ئابووریشدا دەژین.