سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ١٩ی ڕەزبەی ٩٩ی هەتاوی نووسەر و ئەدیبی کورد عەلی عەبدوڵڵا، ناسراو بە ” شەونم” لە تەمەنی ٩٥ ساڵیدا لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد.
شەونم یەکێک بوو لە مامۆستا بەتواناکانی بواری پەروەردە و فێرکردن، جگە لەوەش، دەنگخۆش، ئاوازدانەر، شێوەکار، خۆشنووس و مێژوونووس بووە، هەروەها شارەزایی تەواوی لە سەر زمانی کوردی و عەرەبی و فارسی بوو.
یەکێک لە هۆنراوە نیشتمانییەکانی “شەونم، سروودی “جەژنە جەژنی کوردستانە جەژنی نەورۆزە…بە تیشکی ئاگر دەنووسم جەژنە پیرۆزە”یە، کە ئاوازەکەشی هەر دانراوی خۆیەتی.
شایانی باسە کە، مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا شەونم لە پەروەردەی منداڵانیشدا شوێندەستی دیارەو بۆشاییەکی گەورەی پڕکردووەتەوە.
شایانی باسە کە شەونم یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی “یەکێتیی نوسەرانی کورد”ی لقی بەغدا، ساڵانێک لێپرسراوی چالاکی قوتابخانەکانی سلێمانی بووە و یەکەم خەڵاتی شیعری بنکەی ئەدەبی و رۆشنبیریی سلێمانی پێبەخشراوە.
ئەو ئەدیبە ناسراوەی کورد ساڵی ١٣٠٨ی هەتاوی لە شاری هەڵەبجە لەدایک بووە، بۆیە تەرمەکەشی هەر دەبرێتەوە زێدی خۆی و لە گۆڕستانی” گوڵان ” لە هەڵەبجە، لەپاڵ چەندین زانای دیکەی ئەو ناوچەیە بە خاک دەسپێردرێت.