دیپلۆماتێکی ڕێژیمی ئێران، کە پێشتر بە هۆی پیلانگێڕی و داڕشتنی گەڵاڵەی تێرۆریستیی لە وڵاتی بێلژیک دەسبەسەر کرابوو، هەڕەشەی کردەوەی تێرۆریستی لەو وڵاتە دەکا.
هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ئاشکرای کرد کە “ئەسەدوڵا ئەسەدی” دیپلۆماتی ڕێژیمی ئێران، کە بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تەقینەوە لە کۆبوونەوەی حیزبێکی دژبەری ڕێژیمی ئێران لە پاریس، کە لە وڵاتی بێلژیک دەسبەسەر و دادگای دەکرێ، هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر بە تۆمەتبار بناسرێ گرووپە تێرۆریستەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، کردەوەی تێرۆریستی لە ژێر ناوی” تۆڵە سەندنەوە” ئەنجام دەدەن.
بە پێی ڕاپۆرتێکی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، کە ڕۆژی هەینی ١٨ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، بڵاویکردەوە بە پێی بەڵگەکانی پولیس، دیپلۆماتکارێکی ئێرانی لە وڵاتی بێلژیک کە تۆمەتبارە بە گەڵاڵەداڕشتن بۆ بۆمبڕێژکردنی هۆڵێکی کۆبوونەوەی حیزبێکی دژبەری ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی فەرانسە، هەڕەشەی لە بەرپرسانی وڵاتی بێلژیک کردووە کە ئەگەر لە ڕەوتی دادگاییەکاندا وەکوو تۆمەتبار بناسرێت، ئەوە گرووپە تێرۆریستە نەناسراوەکان بە مەبەستی تۆڵەکردنەوە هێرش دەکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە.
“ئەسەدوڵا ئەسەدی” کە باڵوێزی باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران لە”ڤیەن”بوو، لە گەڵ سێ کەسی دیکە لە ساڵی ٩٧ی هەتاوی، بە تۆمەتی پیلانگێڕی و گەڵاڵەداڕشتن بۆ هێرشێکی تێرۆریستی بە دژی کۆبوونەوەی حیزبێکی دژبەری ڕێژیمی ئێران لە پاریس، کە بەرپرسانی باڵای ئەمریکای و ئورووپایی لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدار بوون دەسبەسەر کران.
بەرپرسانی فەرانسەوی ڕایانگەیاندوە کە ناوبراو بەرپرسی زانیارییەکانی ڕێژیمی ئێرانە لە باشووری ئورووپا، کە بە فەرمانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە تاران، ئەو گەڵاڵە تێرۆریستییەی داڕشتووە.
ئەم دیپلۆماتکارەی ڕێژیمی ئێران، بە ئاشکرا هەڕەشە لە بەرپرسانی وڵاتی بێلژیک دەکا و دەڵێ: ڕەوتی تێپەڕ بوونی دادگایکردنی من لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ژێر چاوەدێری دایە و چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی دەزگای قەزایی دەکەن، ئەگەر من لەم کەیسە بە تاوانبار بناسرێم ئەوە دەبێ دەوڵەتی بێلژیک چاوەڕوانی تۆڵەی قورس بێ لە لایەن گرووپە چەکدارە تۆندڕەوەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.