دۆستێکی حیزبی دیموکرات و دڵسۆزێکی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە ناوی ساڵح حکمەتی ناسراو بە “ساڵحی حاجی حوسێنی ساوان”، بە هۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٨ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، دۆستێکی حیزبی دیموکراتی کوردستان و دڵسۆزێکی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە ناوی کاک ساڵح حکمەتی ناسراو بە ساڵحی حاجی حسێنی ساوان، بە هۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک ساڵح یەکێک لەو تێکۆشەرانی کورد بوو کە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی چەکداری دژ بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەستی دایە چەک و ماوەی چەند ساڵێک لە ڕیزی پێشـمەرگەکانی حیزب لە ناوچەی بانە خزمەتی بە گەلەکەی کرد، دواتر بە ڕەزامەندیی حیزب گەڕایەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆی.
کاک ساڵح تێکۆشەڕیکی تاسەر دیموکرات و کورد خۆشەویست بوو، ماڵەکەی کاک ساڵح هەموو کات جێی حەسانەی تێکۆشەرانی دیمموکرات بوو.
ناوبراو کەسێکی جێی بڕوا و متمانەی کۆمەڵانی خەڵک و خۆشەویستی ناو بنەماڵە و دۆست و هاوڕێیانی بوو، وەکوو هەموو ئازادیخوزانی کورد،ئامانج و ئاواتی لە مێژینەی کاک ساڵح ئازادیی کوردستان و سەربەخۆیی گەل و وڵاتەکەی بوو کە بە داخەوە مەرگ مەودای نەدا و پێش گەیشتن بە ئاوات و ئامانجەکانی بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە، بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک ساڵحەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزیان و خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکە خەمیان دەزانین.