بە هۆی تەقینەوەی مین مەچەکی دەستی هاوڵاتییەکی خەڵکی مەریوان پەڕی
هاونیشتمانییەکی خەڵکی مەریوان لەکاتی کۆکردنەوەی ئاسنەواڵە بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار و مەچەکی دەستی پەڕیوە.
بەپێێ هەواڵی چاونیوز ڕێکخراوی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، هاونیشتمانییەک بەناوی “خەسرەو حەسەنی” تەمەن٣٨ساڵ، خەڵکی ئاوایی کۆریەرە سەر بە شاری مەریوان بە هۆی تەقینەوەی مین مەچەکی دەستی چەپی پەڕیوە.
ئەو هاونیشتمانییە لە نزیک گوندی “قامچیان” و پایگای “کانی کون” لە کاتی کۆکردنەوەی ئاسنەواڵە مینێکی نەتەقیو دەبینێتەوە و دەستکاری دەکات، لەوکاتەدا مینەکە دەتەقیتەوە و خەسرەو بە توندی بریندار دەبێ کە لە ئاکام دا جیا لەسەر و دەمووچاوی مەچەکی دەستی چەپی دەپەڕێ.
خەسرەو حەسەنی خاوەن هاوژین و سێ منداڵە و ئێستا لە نەخۆشخانەی مەریوان لە ژێر چاوەدێری پزیشکی دایە.
شایانی باسە کە هەموو ڕێژیم و حکوومەتەکان دوای تەواوبوونی شەڕ لە گەڵ وڵاتێکی دیکە دەبێ بە پێی کۆنوانسیون و بڕیارنامە نێونەتەوەییەکان هەموو مینە چێندراوەکان لە نێوان دوو وڵات و هەروەها سەر سنوورەکان و بنکە سەربازییە کۆنەکانیان کۆبکەنەوە بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ بایەخێک بۆ گیانی مرۆڤەکان و بە تایبەت خەڵکی کورد دانانێ.