لە ماوەی پێنج ساڵدا لە ئێران ٤٠٠ هاوڵاتیی کورد بە دەستی سەرکوتکەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سێدارە دراون.
دەیان ڕێکخراوی مافی مرۆڤ ساڵی ٢٠٠٣ و لە وەها ڕۆژێکدا لە چوارچێوەی ”بەرەی جیهانی دژ بە سزای مردن“ ڕۆژی ١٠ی ئۆکتۆبریان وەکوو ڕۆژی جیهانیی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ سزای سێدارە دیاریکرد و ساڵی ٢٠٠٧ یەکیەتیی ئەورووپا بە شێوەی فەرمی ڕۆژی ١٠ی ئۆکتۆبریان وەکوو ڕۆژی جیهانیی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ سزای سێدارە پەسەند کرد.
هاوکات لەگەڵ هەژدەهەمین ساڵڕۆژی ناودێرکردنی ١٠ی ئۆکتۆبر وەکوو ڕۆژی جیهانیی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ سزای سێدارە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕاپۆرتێکی ئاماری لەسەر جێبەجێ کردنی حوکمی سێدارەی هاوڵاتییانی کورد لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦ هەتا ١٠ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٠ لە بەندیخانەکانی ئێران بڵاو کردەوە.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخرای مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ٢٠١٦ هەتا ١٠ی ئۆکتۆبر ٢٠٢٠، لانیکەم حوکمی سێدارەی ٣٩١ هاوڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە.
لەو ماوەیەدا و بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لانیکەم پێنج تۆمەتبار لە کاتێکدا کە تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە تووشی تاوان بوون لە بەندیخانەکانی کوردستان لەسێدارە دراون کە ناوەکانیان بە شێوەی خوارەوەیە؛ زەینەب سکانوەند لە بەندیخانەی ورمێ، فەرهاد ئەکبەری لە بەندیخانەی ئیلام، حەمید ئەوسەتی لە بەندیخانەی کرماشان، ئەمین محەمەد پوور لەبەندیخانەی ورمێ و شایان سەعیدپوور لە بەندیخانەی سەقز لەسێدارە دراون.
لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەدا لانیکەم حوکمی سێدارەی ١٢ هاووڵاتیی کورد لە سەر شەقام و یان شوێنە گشتییەکان جێبەجێ کراوە کە ٣٪ی کۆی گشتی ئەو ئامارە بووە، ٨ حاڵەتی لە ساڵی ٢٠١٧ تۆمارکراوە، لەو ماوەیەدا پێنج هاووڵاتیی کورد لەئیلام، دوو هاووڵاتی لە سەرپێڵی زەهاو و لە شارەکانی ڕوانسەر، شاباد، سەڵماس و خۆی و مەشهەد هەر کامەیان یەک هاووڵاتیی کورد لەپێش چاوی خەڵک لەسێدارە دراون.
زیاترین ڕێژەی لەسێدارەدانی هاووڵاتییانی کورد لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەدا لە پارێزگای ورمێ تۆمار کراوە کە ١٨٧ حاڵەت بووە و لە پارێزگاکانی کرماشان و سنە ٦٩ و ٦٧ حاڵەت تۆمار کراوە.
شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی دەیانساڵ دەسەڵاتداری بەسەر ئێراندا پێبەندی هیچ یاسا و ڕێسایەکی نێونەتەوەیی و مرۆیی نەبووە و نییە.