ناوەندی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە شاری تاران ڕایگەیاند، بە هۆی تەشەنە سەندنی پەتای کۆرۆناوە هەموو شوێنە گشتییەکانی شاری تاران بۆ ماوەی یەک حەوتووی دیکە دادەخرێ.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیرنا، ڕۆژی هەینی ١٨ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، پێوەندییە گشتییەکانی ناوەندی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە ئێران ڕایگەیاند کە هەموو شوێنە گشتییەکانی شاری تاران، بەهۆی پەرەسەندنی پەتای کۆرۆناوە بۆ ماوەی یەک حەوتووی دیکە دادەخرێ.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ئەم بڕیارە بە ڕەزامەندی وەزیری تەندروستی ئێران و بە هۆی” پەرەسەندنی نەخۆشی” لە تاران، دراوە و ناوەندەکانی فێرکاری، کتێبخانەکان، مزگەوتەکان، حووسەینیەکان، سینەماکان و هەموو شوێنە گەشت و گوزارییەکانی تاران بۆ ماوەی یەک حەوتووی دیکە دادەخرێ.
لە دڕێژەی پەرەسەندنی پەتای کۆرۆنا ئاماری تووشبوان لە ئێران ڕوو لە هەڵکشانە و وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایگەیاند کە ئاماری تووشبوان و گیانلەدەستدانی پەتای کۆرۆنا ڕوولە هەڵکشانە و هیچ پێداویستییەکی سەرەتایمان بۆ چارەسەر کردنی نەخۆشەکان نییە.
بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی تەندروستی ڕێژیمی ئیران ئاماری تووشبوان لە ئیراندا گەیشتە٤٩٢ هەزار و ٣٧٨کەس و تائێستاش زیاتر لە ٢٨ هەزار و ٩٨کەس بە هۆی پەتای کۆرۆناوە لە ئیران گیانیان لە دەستداوە.
هەروەها لە ٢٤کاتژمێری ڕابردوودا ٤هەزار و ١٤٢ کەس تووشی ئەم پەتایە بوون و ٢١٠ کەسی دیکەش گیانیان لە دەستداوە.
وەزارەتی تەندروستی ڕێژیم بەم هۆیەوە، چالاکیی زانکۆکان، قوتابخانەکان، ناوەندە فێرکارییەکان، ساڵۆنی ئاڕایشەکان، ، بەڕێوەبردنی بۆنەی کۆمەڵایەتیی و ئاهەنگ گێڕانی خێزانی، چایخانەکان، ناوەندەکانی گەشتو گوزار، هەموو مەلەوانگەکان و بەڕێوە بردنی نوێژی هەینی تا کاتێکی ناڕوون قەدەغە کراون.