سناتۆرێکی کۆماریخواز دەڵێ: ئۆباما ئاخوندەکانی ڕێژیمی تێرۆریستی ئێرانی پەیوەست کرد بە سیستمی دارایی جیهانیەوە بەڵام ترامپ دەستی ئاخوندەکانی بە پێڕاگەیشتن بەم سیستمە داراییە جیهانیەکان کورت کردەوە.
تێد کرووز، سناتۆرێکی کۆماریخواز و ئەندامی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە مەجلیسی سنای ئەمریکا، ڕۆژی هەینی ١٨ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، لە بەیانییەیەکدا سەپاندنی گەمارۆ تازەکانی دەوڵەتی ئەمریکای بۆ سەر سیستمی دارایی ڕێژیمی ئێران بەرز نرخاند.
تێد کرووز بە ئاماژە بە وەیکە ئۆباما ئاخوندەکانی پەیوەست کرد بە سیستمی دارایی جیهانیەوە بەڵام ترامپ دەستی ئاخوندەکانی لە پێڕاگەیشتن بە سیستمی دارایی جیهانی بڕیەوە دەڵێ: دەوڵەتی ئۆباما سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا بە هۆی ڕێککەوتنی”کارەساتباری ناوکی” میلیاردها دولارپارەی بە ڕێژیمی ئێران دا، کە ئەم پارەیە هۆکارێک بوو بۆ سپیکردنەوەی پارە و پشتیوانیی دارایی ڕێژیمی ئێران لە تیرۆریزم لە ناوچەکە و جیهاندا بە گشتی.
ناوبراو دەڵێ: من بەردەوام لە سەر ئەو باوەڕە بووم و هەم کە دەبێ، سزایەکی وەها قورس بە سەر ڕێژیمی ئێراندا بسەپێ کە کۆتایی بە دەستێوەردانەکان و کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران بهێنێت.
تێد کرووز دەڵێ: سپاسی دەوڵەتی ترامپ دەکەم بۆ سەپاندنی گەماروگەڵێکی وەها قورس بۆ سەر ڕێژیمی گەندەڵی ئێران و هیوام وایە ئەم سزا تازانە هۆکارێک بن بۆ کۆتایی پێهاتنی ڕێژیمێکی گەندەڵ، تێرۆریست و ئاژاوەگێڕ کە تەنانەت چووکەترین پێبەندیی بە مافە ئینسانی و مرۆییەکانەوە نییە.