شورای حوككامی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی سەرماوەز بڕیارنامەیەكی پەسند كرد كە بەپێی ئەم بڕیارنامەیە، پەروەندەی تاوانباربوونی ئێران سهبارهت به هەوڵەكانی ئەم وڵاتە بۆ دروستكردنی چەكی ناوكی دادەخرێ.
ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵ بوو كە ڕۆژاوا كۆماری ئیسلامی بەوە تاونبار دەكرد كە لە چوارچێوەی چالاكییە ناوكییەكانیدا وبە مەبەستی دەستخستنی زانیاریی دانانی كڵاوەی ناوكی لە سەر مووشەكە دوورهاوێژەكان، دەستی به تاقیكردنەوەی ئەم مووشەكانە کردوه.
داخرانی ئەم پەروەندەیە بەشێك لە ڕێككەوتنی كۆماری ئیسلامیو ٦ زلهێزی جیهانییە كە لە ٢٣ی پووشپەڕی ئەمساڵ لە ڤیەن له سهری ساغ بوونهوهو بەپێی ئەم ڕێككەوتنە، ڕێژیمی تاران قەبووڵی كردوه كە بەشێكی زۆر لە چالاكییە ئەتۆمییەكانی ڕابگرێو لە بەرامبەردا گەمارۆ نێودەوڵەتییەكانی سەر ئەم وڵاتە هەڵپەسێردرێن یان بە یەكجاری هەڵوەشێنەوە.
لە لایەكی دیكەوە هەواڵدەریی ڕووسیی ئیتارتاس لە زمان سێرگی ڕیابكۆف، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیە، نووسیویەتی که تا كۆتایی ئەمساڵی زایینی یانی تا دوو حەوتووی دیكە، ڕەوتی گواستنەوەی زیاتر لە٨ تۆنو ٥٠٠ کیلۆ ئۆرانیۆمی سهدی ٤ ئێران بۆ ڕووسیه بە تەواوی جێبەجێ دەكرێ.
بەپێی ڕێككەوتنامەی ئەتۆمیی ڤیەن كە ٢٣ی پووشپەڕی ئەمساڵ ئیمزا کرا، ئێران بەوە قایل بووه كە بەشێكی زۆری چالاكییە ناوكییەكانی خۆی ڕابگرێو گۆڕینەوەی ئۆرانیۆمی پیتێندراو بە ئۆرانیۆمی خاو لە نموونەی ئەم خاڵانه بوون كە ئەم دوو لایەنانە لە سەری ڕێك كەوتن.