ئەمریکا گەمارۆ دەخاتە سەر هەموو سیستمی دارایی وبانکیی ئێران
بەپێی راپۆرتی واشینگتۆن پۆست و بە وتەی ٣ بەرپرسی ئەمریکایی، دەوڵەتی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی گەمارۆ دەخاتە سەر هەموو سیستمی دارایی و بانکیی ڕێژیمی ئێران، کە بەم جۆرە هەموو بانکەکانی ئێرانی گەمارۆی دەخرێتە سەر و دەسپێڕاگەیشتنیان بە سیستمی دارایی جیهانی دادەخرێ.
دەوڵەتی ئەمریکا لە سەر ئەو باوەڕەیە کە دانانی گەمارۆی وەها قورس گوشار دەخاتە سەر ڕێژیمی ئێران و ناچاری دەکات بێتە سەر میزی وتووێژ و چۆک بۆ یاسا نێونەتەوەییەکان دابدا.
هەروەها بەرپرسانی ئەمریکایی دەڵێن: وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا دەتوانێت بە ناردنی نامەیەک بۆ کۆمپانیا جۆراوجۆرەکان ئیزنی فرۆشتنی هێندێک کەرەستەی پێویست بە ڕێژیمی ئێران بدا و بەم شێوەیە خەساری مرۆیی گەمارۆکان کەمتر بێتەوە.
لاینگەرانی گەمارۆ تازەکانی سەر ڕێژیمی ئێران لە سەر ئەو باوەڕن، ئەم گەمارۆیانە خەرجی زۆرتر دەخاتە سەر ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای کۆمپانیا بازرگانییە ئورووپاییەکانەوە و ئەمەش هەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ بە چۆکدا هێنانی ڕێژیمی ئیران.
بەپێی راپۆرتی واشینگتۆن پۆست، پێشنیاری گەمارۆ خستنە سەر هەموو سیستمی دارایی و بانکی ڕێژیمی ئێران لە پێشدا لە لایەن بەرپرسانی ئیسرائیلی، دەستەیەک لە نوێنەرانی کۆماریخواز و ڕێکخراوی بەرگری لە دێموکراسی هاتە ئاراوە.
بە پێی ئەم راپۆرتە، چاوەڕێ دەکرێ، بە دانانی ئەم گەمارۆ تازانە، بەهای پارەی ئێرانیی زیاتر بەرەو داڕمان بڕوا.