سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشە لە چین دەکات و دەڵێت، لە بەرامبەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا دەبێت باجێکی گەورە بدات.
دۆناڵد ترامپ لەپەیامێکی ڤیدیۆییدا لە بەردەم نووسینگەی کارکردنی تایبەتی لە کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەمریکا و جیهان گیرۆدەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و هەربۆیە دەبێت چین باجێکی گەورە بدات.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک کۆمپانیای دەرمانی وڵاتەکەی کاری زۆر باشیان کردووە، لەوانەش کۆمپانیاکانی “ریجێنۆران “و “ئێلای لیلی”. ترەمپ گوتی، کاتێک چووە بنکەی تەندروستیی “وۆڵتەر رید”، باری تەندروستی باش نەبوو، بەڵام بەکارهێنانی دەرمانی” ریجێنۆران” وایکرد زۆر زوو باری تەندروستی گۆڕانی بەسەردا بێت و باش بێت. ترامپ ڕایگەیاند، ئێستا ئیدارەکەی کاردەکات بۆئەوەی ئەو دەرمانانە لە کاتی خێرا و پێویستدا بەکاربهێندرێن، بەتایبەتی ئەگەر تووشبووی کۆرۆنا کەسێکی بەتەمەن بێت و باری تەندروستی باش نەبێت.
ئەوەی کە پێوەندی بە ڤاکسینەوە هەیە، دۆناڵد ترامپ گوتی، چەندین کۆمپانیای ئەمریکایی لە قۆناخی کۆتایی دروستکردنی ڤاکسینەکەدان و ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ڤاکسین بۆ خەڵکی وڵاتەکەی ئامادەبێت.
ڕۆژی هەینی ڕابردوو، ترامپ تووشبوونی خۆی و میلانیای هاوژینی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕاگەیاند. دواتر سەرۆکی ئەمریکا گوێزرایەوە بۆ بنکەی تەندروستیی وۆڵتەر رید. رۆژی دووشەممەی ڕابردوو ترامپ گەڕێندرایەوە کۆشکی سپی و رۆژی چوارشەممەش چووەوە نووسینگەی کارکردنی تایبەتی خۆی لە کۆشکی سپی.
براین مۆرگێنستێرن، جێگری سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، بارودۆخی سەرۆکی ئەمریکا زۆر باشە و هیچ نیشانەیەکی کۆرۆنای نەماوە.