شێخ ئەحمەد ڕەسووڵی ناسراو بە” دەروێش ئەحمەد”،باوکی دوو کادری تێکۆشەری حیزبی دێموکرات لە شاری سەقز ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی” شیخ ئەحمەد ڕەسووڵی” ناسراو بە” دەروێش ئەحمەد” خەڵکی “دەرەزیارەت”ی سەرشیوی سەقز،باوکی دوو کادری تێکۆشەر و دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوەکانی ئیسمائیل ڕەسووڵی و برایم ڕەسووڵی و هەروەها خاڵۆی کادرێکی تێکۆشەری حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوی “مزەفەر کەریمی” لە شاری سەقز بە هۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
شایانی باسە کە دەروێش ئەحمەد کەسێکی نیشتمانپەروەر و جێگای متمانە و خۆشەویستی خەڵکی ناوچەی سەقز بوو، ناوبراو لە ماوەی تەمەنیدا ئاواتی ڕزگاری گەل و نیشتمانەکەی لە دڵدا بوو و سەرەڕای چەندینجار ئەشکەنجە و ئازاری داگیرکەران، دەرویش ئەحمەد بۆ ساتێکیش لە پێشمەرگەبوونی کوڕەکانی پەشیمان نەبۆتەوە و هەمیشە شانازی بە ڕۆڵەکانییەوە دەکرد کە لە ڕیزی تێکۆشەرانی دێموکراتدا ئەرکی پیرۆزی پێشمەرگایەتییان بە ئەستۆ گرتووە.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی دەروێش ئەحمەد و بە تایبەت هاوڕییانی تێکۆشەرمان ئیسمائیل و برایم ڕەسووڵی و مزەفەر کەریمی و هەروەها خزم و کەس و کاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.