ماڵپەڕی رووداو: لە تێکهەڵچوونێک لە سنوورەکانی پارێزگای کرماشان بەرپرسێکی باڵای سپای پاسداران کوژرا.
رۆژی دووشەممە لە نزیک گوندی شێخ سڵەی سەر بە شاری سەلاسی باوەجانی، تێکهەڵچوون لەنێوان هێزەکانی سپای پاسداران و هێزێکی چەکداردا ڕوویداوە، لەو شەڕەدا عەلیڕەزا دارابی، یەکێک لە فەرماندەکانی سپای ئەمیرەلموئمینینی پارێزگای ئیلام کوژرا.
سپای ئەمیرولموئمینینی پارێزگای ئیلام کوژرانی ئەم فەرماندەیەی پشتڕاست کردووەتەوە. ماڵپەڕی رێکخراوی رادیۆ تەلەفزیۆنی ڕێژیمی ئێرانیش بڵاوی کردووەتەوە کە عەلیڕەزا دارابی، خەڵکی شاری چەرداوڵی پارێزگای ئیلام بوو کە لەو تێکهەڵچوونەدا کوژراوە.
بە پێی هەواڵدەریی ماڵپەڕی ڕووداو، رۆژی شەممەش بەرپرسێکی هێزەکانی پاراستنی سنووری ئێران بە ناوی محەممەد رەئوف ڕەزایی لە تێکهەڵچوونێکدا لە ناوچە سنوورییەکانی پاوە کەوتووەتە نێو ڕووبار و خنکاوە.
بەپێی هەواڵی ڕاگەیاندنەکانی نزیک لە سوپای پاسداران، هێزەکانی ڕێژیم لەو سنوورە تووشی تێکهەڵچوون بوون و محەممەد رەئوف ڕەزایی لەو کاتەدا کەوتووەتە نێو ئاوی سیراون و خنکاوە.