میشێل باشلە، بەرپرسی باڵای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە جەخت کردنەوە لەسەر بەرپرسایەتی دەوڵەتان لە پاراستنی گیان و تەندروستی هاوڵاتییان، داوای لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کرد نەسرین ستوودە و چالاکانی مافی مرۆڤ و بەندکراوانی سیاسی، بە هۆی مەترسی تووشبوونیان بە پەتای کۆرۆنا بە زووترین کات ئازاد بکەن.
باشلە ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، بە بیر هێنانەوەی مەترسی تەشەنە سەندنی پەتای کۆرۆنا لە بەندیخانەکانی ئێران گوتی: کەسانێک کە تەنیا لەبەر بیروباوەڕی سیاسی یان چالاکییەکانی دیکەیان بۆ پشتیوانی لە مافی مرۆڤ دەسبەسەر کراون، نابێ بە هیچ شیوەیەک بەند بکرێن و بە دڵنیاییەوە نابێ لەگەڵ ئەم بەندکاراوانەدا هەڵسووکەوتی نەشیاو بکرێت یان لە دۆخێکی مەترسیداردا بمێننەوە.
ئەم بەرپرسەی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها خوازیاری ئازادی بەپەلە و بێ مەرجی بەنکراوانی سیاسی و ناڕازییانی خۆپێشاندەرانی سەرانسەری ئێرانە.
لەسەرەتای شەپۆلی مەرەخەسی بەندکراوانی سیاسیش لەگەڵ ئەوەی رێژیمی ئێران گوتبووی بە پێدانی ئازادی کاتیی بە نزیکەی ١٢٠ هەزار بەندکراو ڕازی بووە ، بەڵام بنەماڵەی بەندکراوانی سیاسی قسەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەدرۆ دەخەنەوە.
لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوە ژمارەیەک لە بەنکراوانی سیاسی لە بەندیخانە تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و هەندێکیان گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە.