محەممەد حەسەن قەدیری، چالاکیی سیاسی ڕیفۆرمخواز و یەکێک لە بەرپرسانی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێ: ئەگەر شۆرای نیگابان لە دەرەوە ئامێرێکی هەڵسەنگاندنی درۆ دابنێ، بۆی ڕوون دەبێتەوە کە ئەو خەڵکانەی کە دەڵێن دەنگ دەدەین لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریدا، هەموو درۆ دەکەن لە بەر ئەوەیکە هیچ دڵ خۆش نیین بە ڕێژیم.
بە پێی راپۆرتی”ئێعتماد ئانلاین”، محەممەد حەسەن قەدیری، چالاکیی سیاسی ڕیفۆرمخواز لە لێدوانێکدا دەڵێ: کارکردی ڕۆحانی وەکوو سەرۆک کۆمار بە جۆرێک بووە کە هەم سەرمایەیی نەتەوەیی بە باداوەو و هەم خەڵکێشی تووشی کێشەو گرفت کردووە، هەر بەم هۆیەوە باشتروایە مەجلیسی یازدەهەم دەنگ بە وەلانانی سەرۆک کۆمار بدا و ساڵێک پێشتر پێش بە زەرەر و زیانەکان بگرێت.
ناوبراو دەڵێ: ڕۆحانی و جەهانگیری درۆیان لە گەڵ خەڵک کردووە، دولاری سێ هەزارتمەنی بوو بە سی هەزارتمەن و ئەمە کارەساتە، كێ بەرپرسیارە؟.
هەروەها قەدیری دەڵێ: دەبوو لە پێشدا نەمانهێشتبایە حەسەن ڕۆحانی بێتە ناو هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری، ڕۆحانی لە سەربردەکانی خۆیدا نووسیویە کە نەمدەتوانی کڕێی مانگانەی دوو ژووری چووکە بدەم و بە درێژایی تەمەنی ٤١ ساڵەی کۆماری ئیسلامی کارێکی بێجگە لە بەرپرسایەتی لە ناو ڕێژیمدا نەبووە، چۆنە ئێستا خانوویەکی ١٠٠ میلیارد تمەنی هەیە، دەبێ وڵامی هەمووی ئەو پرسیارانە بداتەوە.
قەدیری وتی: بە باوەڕی من هەبوونی ڕۆحانی وەکوو سەرۆکی حکوومەت، زەرەرو زیانێکی گەورەیە و بەم هۆیەوە دەبێ وەکوو “بەنی سەدر” لە سەر کار وەلابنرێ، بەڵکوو زیاتر لەمەی ئێستا زەربە لە ئابووری وڵات و ڕێژیم نەدات.
شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی دەیانساڵ دەسەڵاتداری بەسەر ئێراندا بەردەوام هەوڵیانداوە خۆیان وەکوو دوو باڵی ڕێفۆرمخواز و بناژۆخواز نیشان بدەن و بەمشێوە ساڵانێک توانیان خەڵکی ئێران بە لاڕێدا بەرن، بەڵام ئێستا بۆ خەڵک تەواو ڕوون و ئاشکرایە کە هیچ جیاوازییەک لە نێوان بناژۆخواز و ڕێفۆرمخوازدا نییە و هەموویان دز و گەندەڵ و زالمن.