چوار تۆمەتباری خەڵکی شارەکانی” سەرپێڵی زەهاو” و” ورمێ”، لەلایەن دادگای منداڵان و مێرمنداڵانی “ورمێ”وە حوکمی بڕینی قامکی دەستیان بە سەردا سەپاوە کە حوکمی دوو کەسیان لە لایەن دیوانی بەرزی دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە پشتڕاست کراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا حوکمی بڕینی قامکی دەستی ڕاستی دوو بەندکراوی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو و دانیشتووی کەرەج بە ناوەکانی ”مێهرداد تەیمووری“ ٣٠ ساڵە و ”شەهاب تەیمووری“ ٣٥ ساڵە لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە پشتڕاست کراوەتەوە.
ئەو دوو هاوڵاتییە کوردە لەگەڵ کەسێکی دیکە بە ناوی ”ئیرەج خەتیبی“ ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی سەرماوەزی ٩٧ی هەتاوی، بە تۆمەتی دزی لە شارۆچکەی مەلارد سەر بە پارێزگای کەرەج دەسبەسەر و مانگی گەلاوێژی ساڵی ٩٨ی هەتاوی، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای تاوانەکانی تایبەت بە منداڵان و مێرمنداڵانی ورمێ بە تۆمەتی دزی کردن، حوکمی بڕینی ٤ قامکی دەستی ڕاستیان بە سەردا سەپا.
مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ لقی ٢٤ی دیوانی بەرزی دادگای ڕێژیم لە تاران حوکمی بڕینی چوار قامکی دەستی مێهرداد تەیمووری و شەهاب تەیمووری وەک خۆی پەسەند کرد و حوکمی ئیرەج خەتیبی شیاوی ئەو سزایە نەزانراوە و حوکمەکەی هەڵوەشێندراوەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، هاووڵاتییەکی خەڵکی ورمێ بە ناوی “ئارەش عەلی ئەکبەری” بە تۆمەتی دزی لەلایەن لقی دووهەمی دادگای تاوانەکانی ورمێ حوکمی پەڕاندنی چوار قامکی دەستی ڕاستی بە سەردا سەپاوە.
شایانی باسە کە هیچکام لە تۆمەتبارەکان پارێزەریان نەبووە و نەیانتوانیوە بە شێوەیەکی یاسایی و گونجاو بەرگری لە خۆیانەوە بکەن و دانیشتنەکانی دادگا بۆ ئەو کەسانە وەکوو نەریتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بێ پارێزەر بەڕێوە چووە.