پاڵەوان و ڕاهێنەری پێشووی زۆرانبازی ئێران ڕایگەیاند کە وەرزشوانان و ڕاهێنەرانی بە نێوبانگ بە تایبەت لە بەر ئەویکە لە نەتەوەی کورد یان نەتەوەکانی دیکەن لە تیمە نەتەوەییەکان وەرناگیردرێن و مافی چوونەدەرەوەی وڵاتیان پێ نادرێ.
سەردار پاشایی، زۆرانبازی کورد کە بە دەیان جار لە ئاستی ئێران و جیهان بۆتە پاڵەوان و پلەی یەکەمی بە دەستهێناوە، لە بەر جیاوازی لە نێوان وەرزشوانە فارس و کوردەکان، چەندین ساڵ پێش ئێرانی بە جێهێشت و ئێستا لە وڵاتی ئەمریکا دەژی و لە هەمبەر جیاوازی لە نێوان وەرزشکارە پاڵەوانەکانی کورد و نەتەوەکانی دیکە ڕەخنەی تۆندی لە ڕێژیمی ئێران گرتووە.
سەردار پاشایی، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، لە لاپەڕەی تویتێرەکەیدا بە ئاماژە بە وەیکە ڕێژیمی ئێران دژی وەرزشوانە کوردەکانە وتی: من وەکوو پاڵەوانێکی زۆرانبازی پێشوو شاهیدی ئەوە دەدەم کە لە تیمە نەتەوەییەکانی ئێراندا، بێجگە لە جیاوازی مەزهەبی، پاڵەوانەکانی نەتەوەکانی دیکەی ئێران بە تایبەتی کوردەکان ناچار دەکەن کە بەشداری لە بۆنەی مەزهەبی جیاواز لە دین و ئایینی خۆیان بکەن و وەرزشوانە پاڵەوانەکان و ڕاهێنەرە بە نێوبانگەکان تەنیا لە بەر ئەوەیکە کورد یان لە نەتەوەکانی دیکەن وەرناگیردرێن و مافی چوونەدەرەوە لە وڵاتیان لێدەستێننەوە و لە تیمە نەتەوەییەکان وەڵا دەنرێن.
ناوبراو پێشتریش لە وتووێژ لە گەڵ کاناڵە جیاوازەکاندا، بە تۆندی ڕەخنە لە سیاسەتە پیس و گڵاوەکانی ڕێژیمی ئێران لە هەمبەر وەرزشوانە کوردەکان گرتووە و دەڵێ: بە نەبوونی شایستە سالاری، لە وەرزشی ئیرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخوندەکاندا، ئەگەر لە هەموو وەرزشوانە فارسەکانیش باشتر و بەهێزتر بی، تەنیا و تەنیا لە بەر ئەوەیکە کوردی هەموو مافێکت لێ وەردەگرنەوە.
ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستییە حاشا هەڵنەگرەیە کە ڕێژیمی ئێران بە درێژایی تەمەنی دژایەتی نەتەوەکانی دیکە و لە سەروی هەموویانەوە نەتەوەیی کورد دەکا و بە هیچ شێوەیەک دان بە مافی نەتەوەو ئایینە جیاوازەکاندا نانێ