زیبا کەلام : لە ئێراندا دێموکراسی نییە و خەڵک ناتوانێ بە شێویەکی ئازاد بیر و ڕای خۆی دەرببڕێ.
سادق زیبا کەلام، مامۆستای زانکۆ و شڕۆڤەکاری سیاسی ئێران بە وتنی ئەوەیکە خەڵکی ئێران لە سەر ئەو باوەڕەن کە دەنگدان لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا هیچ قازانجێکی نییە دەڵێ: خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی١٤٠٠ی هەتاویدا بەشدار نابن و دەنگ بە سەرۆک کۆمار نادەن.
سادق زیبا کەلام، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لە گەڵ ڕۆژنامەی”ئێعتماد” وتی: ئەگەر بناژوخوازەکان بیانهەوێت ئەحمەدی نژاد بێننەوە گۆڕەپانی سیاسی و هەڵبژاردنەکانی سەڕۆک کۆماری، ئەوە ڕیفۆرمخوازەکان بە دەنگێکی زۆر کەمەوە دەبنە براوەی هەڵبژاردنەکان.
ناوبراو دەڵێ: ئەو کەسانەی کە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریدا بە شدار دەبن زیاتر ئەو کەسانەنن کە سەر بە ڕێبەری ڕێژیم واتە “خامنەیی”ن ئەویش بە ڕێژەیەکی زۆر کەم.
زیباکەلام وتی: زۆربەی هەرە زۆری ڕۆشنبیران، خوێندکارانی زانکۆ و ئەو کەسانەی کە لە شارەکاندا ژیان دەکەن، ناچنە سەر سەندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بە سەرۆک کۆمار نادەن.
ناوبراو دەڵێ: هۆکاری ئەوەیکە خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا بە شداری ناکەن، هەبوونی گرووپە بناژۆخوازەکانی سەر بە ڕێبەریی نیزامن کە هەموو جومگەکانی بە ڕێوەبەری وڵاتیان بە دەستەوە گرتووە و لە هەموو کار و باری گرینگی سیاسی و ئابووریدا بڕیاری کۆتایی و یەکلاکەرەوە لە لایەن ئەوانەوە دەرێ و بەردەوام خەریکی گەندەڵی و دزین و بێجگە خامنەیی وڵامدەری کەس نین.
زیبا کەلام: یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی بەشداری نەکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا بۆ ئەو دەگەڕێنێتەوە کە لە ئێراندا دێموکراسی نییە و خەڵک ناتوانێ بە شێویەکی ئازاد بیر و ڕای خۆی دەرببڕێ.
هەروەها ناوبراو دەڵێ: گەندەڵی و گوشاری ئابووری لە نەبوونی دێموکراسیدا لە ئێران و نەبوونی ئەحزاب و ئۆپۆزیسیۆنی نێوخۆیی، هۆکاری سەرەکییە بۆ بەشداری نەکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا.
زیبا کەلام دەڵێ: تەنیا ڕێگای مانەوە و بەردەوامیی کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا، ڕیفۆرم و چاکسازییەکی بنەڕەتییە، لە سیاسەتەکانی نێۆخۆیی و دەرەوەی ئێران و هەروەها چارەسەری بنەڕەتی کێشەی ئابووری خەڵکە لە ئێران.