دادگایەکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە،ڕێژیمی ئێران دەبێ زیاتر لە ١میلیارد و ٤٠٠میلیۆن دۆلار قەرەبوو بە بنەماڵەی ڕابێرت لوینسۆن، کارمەندی خانەنشینی “ئێف بی ئای” بدات.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز، لەم سزایەی کە کۆتایی حەوتووی ڕابردوو پەسەند کراوە،” تیمووتی کێلی” دادوەری دادگای ناوچەیی ئەمریکا ڕایگەیاند کە دەبێ بەهای ١میلیارد و ٤٠٠میلیۆن دۆلار وەکوو قەرەبوو بە بنەماڵەی لوینسۆن بدرێت.
بنەماڵەی لوێنسۆن لە بەیانییەیەکدا پێشوازیان لە حوکمی دادوەر کرد، لەم بەیانیەدا هاتووە کە، ئەم حوکمە یەکەمین هەنگاوە لە بەدواداچوونی دادپەروەریی بۆ رابێرت لوینسۆن، نیشتمان پەروەری ئەمریکاییە کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بێ سەروشوین کرابوو زیاتر لە ١٣ ساڵە خەم و ئازارێکی زۆر بەرۆکی بنەماڵەکەیانی گرتووە.
ئەم بەیانیە هەروەها ئەوەشی خستۆتەڕوو کە تا ئێستا ڕێژیمی ئێران هیچ سزایەکی بۆ کردەوەکانی خۆی وەرنەگرتووە، هیوادارین بڕیاری دادوەر “کێلی” کە ئەم سزایەی بۆ ئێران دیاری کردوە هەڕەشەیەک بێ بۆ ڕێژیمی ئێران و ڕاگرتنی ئەو ڕێژیمە لە کردەوە تێرۆریستییەکانی.
ئەم بنەماڵەیە وتیان: ئێمە ئامادەی هەموو ڕێوشوێنێک بگرینە بەر و هەموو قۆناغەکان ببڕین بۆ ئەوەی دادپەروەری بۆ ڕابێرت لوینسۆن جێبەجێ بکرێت.
شایانی باسە کە نوێنەری ڕێژیمی ئێران لە رێکخراوی نەتەوە یەگرتووەکان ئامادە نەبوو لەم بارەیەوە وڵام بداتەوە.
جێگای ئاماژەیە کە سەرەتای ئەمساڵ، بنەماڵەی لوینسۆن ڕایانگەیاند کە بە پێی زانیەرییەکانی بەرپرسانی پلە بەرزی ئەمریکایی باوەڕیان هەیە کە لوینسۆن لە بەندیخانەی ڕێژیمی ئێران و لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەستداوە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران بە چەواشەکارییەکی تەواوەوە دەڵێ:”لوینسۆن”ی ئەمریکایی ساڵانی ڕابردوو ئەم وڵاتەی بەجێهێشتووە.