ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی خوداوای هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی “محێدین ئیبراهیمی” زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی گوندی “ئاڵکاوێـ”ـی شنۆ لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە ڕێژیمی ئێران دەکا.
ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی ڕایگەیاندووە: “کاربەدەستانی ئێران دەبێ حوکمی لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە کە حوکمێکی بەتەواوی نادادپەروەرانەیە هەڵبووەشێننەوە و دەرفەتی دادگاییەکی دادپەروەرانە و بەبێ حوکمی لەسێدارەدان بڕەخسێنن.
ئەو ڕێکخراوە مرۆییە هەروەها ڕایگەیاندووە: ئیبراهیمی لە مانگی خەزەڵوەری ٩٦ی هەتاوییەوە لە زینداندایە و لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی “ورمێ”وە بە تۆمەتی شەری چەکدارانە لە گەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بە سێدارە مەحکووم کراوە، ناوبراو ئەو تۆمەتەی لە قۆناغە جیاوازەکانی دادگادا ڕەت کردۆتەوە”.
شایانی باسە کە حوکمی لەسێدارەدانی “محێدین ئیبراهیمی” لە لقی ١٩ی دیوانی باڵای ڕێژیمەوە لە تاران پشتڕاست کرابووەوە. دۆسیەی ناوبراو پاش پشتڕاستکردنەوەی حوکمەکە لە دیوانی باڵای وڵات، بۆ دادگای شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو زیندانییە ڕەوانە کراوەتەوە.
جێگای ئاماژەیە ناوبراو لە ١٢ی خەزەڵوەری ٩٦ی هەتاوی، لە ئەنجامی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بریندارو دواتر دەسبەسەر دەکری و پاش بریندار بوونی بۆ نەخۆشخانەی ورمێ ڕاگوێزرا و بە بێ تەواو کردنی چارە سەری پزیشکی بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ گوازرایەوە و دواتریش لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆردا دانپێدانانی زۆرەملێی بەسەردا سەپابوو.