ماتیۆ تولێر، باڵوێزی ئەمریکا لە بەغدا، لە چاوپێکەوتنێکدا لە گەڵ سەرۆک کۆماری عێراق ناوی ئەو میلیشیا چەکدارانەی سەر بە ڕێژیمی ئێران، کە هێرشی مووشەکییان کردبووە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا ئاشکرا کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی کاناڵی”ئەلحەدەس” ڕۆژی دووشەممە ١٤ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، ماتیۆ تولێر، باڵوێزی ئەمریکا لە بەغدا لە چاوپێکەوتنێک لە گەڵ”بەرهەم ساڵح” سەرۆک کۆماری عێراق، زانیاری تەواوی لە سەر ئەو کەس و گرووپانەی کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا هێرشی مووشەکییان کردوەتە سەر باڵوێزخانە و بنکەسەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق، داوە بە”بەرهەم ساڵح”و داوای لە ناوبراو کردووە کە پێش بەم میلیشیا چەکدارانەی سەر بە ڕێژیمی ئێران بگرن.
هەروەها سەرۆک کۆماری عێراق، لەم چاوپێکەوتنەدا بەڵێنی بە باڵوێزی ئەمریکا داوە کە دیپلوماتکارانی ئەمریکا لە عێراق پارێزراو دەبن و ئەو گرووپە چەکدارانەش کە هێرشیان کردوەتە سەر باڵوێزخانە و بنکەسەربازییەکانی ئەمریکا بە زووترین کات دەسبەسەر و سزا دەدرێن.
باڵوێزی ئەمریکا وتی: دەوڵەتی ئەمریکا نیگەرانە لە ئەمنییەت و پارێزراو بوونی دیپلوماتەکانی لە بەغدا و بۆ گواستنەوەی باڵوێزخانەکەی لە بەغداوە بۆ هەولێر، چاوەڕێی بڕیاری ئەرێنی”دۆناڵد ترامپ” سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەکەن.
ماتیۆ تولێر، لەم چاوپێکەوتنەدا بە”بەرهەم ساڵح”ی ڕاگەیاند کە ئەم گرووپە میلیشیا چەکدارانە، بەو چەکوچۆڵەی کە لە بەردەستیان دایە، هەڕەشەیەکی مەترسیدارن بۆ سەر دێموکراسی لە عێراقدا و هەموو هەوڵەکانی کۆمەڵگەی جیهانی بۆ یارمەتیدانی عێراق لە ناو دەبەن.
جێگای ئاماژەیە کە پێشتریش” مایک پۆمپێئۆ” وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، نیگەرانییەکانی واشینگتۆنی لە هەمبەر بەردەوام بوونی هێرشی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی بۆ سەر باڵوێزخانە و بنکەسەربازییەکانی ئەمریکا لە بەغدا بە”کازمی” سەرۆک وەزیرانی عێراقی ڕاگەیاندبوو.