خاتوو نەسیم عەزیزی، کچی شەهیدێکی حیزبی دێموکرات بەهۆی نەخۆشیی شیرپەنجە کۆچی دوایی کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە ١٥ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی (بەرانبەر بە ٦ ئۆکتەبەری ٢٠٢٠ی زایینی) خاتوو نەسیم عەزیزی، یادگاری شەهید حەمەعەزیز عەزیزی یەكێک لە فەرماندە بەوەجەکانی حیزبی دێموکرات پاش ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجە لە وێسترۆسی سوئێد بە جوانەمەرگی سەری نایەوە.
خاتوو نەسیم وەکوو زۆربەی مندالانی نازشێواو پاش شەهیدبوونی باوکی بە چەرمەسەری و هەنیسک و فرمێسکی دایکی گەورە ببوو. ئەو خاتوونە بەڕێزە لە بنەماڵەیەکی نیشتماندۆست و کوردپەروەردا لەدایک ببوو. بنەماڵەی عەزیزی هەر لە سەردەمی کۆماری کوردستانەوە تێکەڵ بە شۆڕشی ڕەوای گەلەکەمان بوون و لەو پێناوەشدا قوربانیی زۆریان داوە.
خاتوو نەسیم عەزیزی هەم باوکی شەهیدی حیزبی دێموکرات و هەم مامیشی لە سەرنگەری خەبات و بەربەرەکانی لەگەڵ ڕێژیم کۆماری ئیسلامیدا گیانی پیشکەش بە ئازادی نیشتمان کردوە. هەروەها ڕەسووڵ عەزیزی یەکێکی دیکە لە ئەندامانی بنەماڵەی عەزیزییە کە وەکوو فەرماندەیەکی ئازا و بەوەفا بە نیشتمان لە زۆربەی شەڕەکانی سەردەمی سەختی بەرگریی چەکداریدا دەوری بەرچاوی گێڕا و لەو ڕێگەیەشدا گیانی فیدای بە گەل و نیشتمان کرد.
خاتوو نەسیم وەکوو ژنێکی چالاک و خەمخۆری کوردایەتی و حیزبی دێموکرات بەو نەخوشییەوەش تا دواساتی ژیانی هۆگری خەباتی گەلەکەی و سەرکەوتنی نیشتمانەکەی بوو.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای بەداخبوونی خۆمان بۆ ئەو کۆچە ناوەختە، سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەکەی دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.