دوو کەس لە دەروێشەکانی خەڵکی شاری ئاودانان لە پارێزگای ئیلام لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام کران.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٢ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام دوو دەروێشی خەڵکی ئاودانان بە ناوەکانی “تەقی مرادی” تەمەن ٣٦ ساڵ و “ئەمین عەلیزادە”، تەمەن ٣١ ساڵ دەسبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام گوازرانەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بنەماڵەی ئەو دوو دەروێشە، لە شوێنی کارەکەیان کە هەر دووکیان کرێکاری ساختمان بوون دەسبەسەر کران.
شایانی باسە کە پێشتر “تەقی مرادی” لە دادگای سەرەتایی بە ١٠ ساڵ بەندکران حوکمدرا کە ٥ ساڵ لە حوکمەکەی دەبێ بکێشێ و هەروەها “ئەمین عەلیزادە” لەلایەن دادگای شۆڕشی ئاودانان بە ٧ ساڵ بەندکران حوکمدرابوون.
ئەو دوو کەسە لە کاتی خۆپێشاندانەکانی دەروێشەکانی “گوناباد” دەسبەسەر کرابوون و لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە بە تاشینی سەرو سمێڵیان بێڕێزییان پێکرابوو.