پێنەدرانی مووچەی تایبەت بە ناوچە گەشە نەكردووەكانو ناوچەكانی سەر سنوور بە كارمەندانی وەرزشو لاوانی سنە بۆتە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی كارگێڕانی ئەم ئیدارەیە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی موكریان، بەپێی بەندی ١ی مادەی ٦٨ی قانوونی بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزارییەكانی ئێران، فەوقولوعادەی ئەم ناوچانەی کەمتر گەشەسەندوونو ناوچەكانی سەر سنوور، لە مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٣ پەسند كرا و ئەم بڕە پارەیە بۆ فیشی مووچەی زۆربەی فەرمانبەرانی دەوڵەت لەم ناوچانە وەبەر چاو گیراوە.
بەڵام سەرەڕای پەسندكرانی ئەم فەوقولعادەیە لە مانگی بەفرانباری ٩٣، تا ئێستاشی لەگەڵ بێ ئەم بڕە پارەیە بە فیشی مووچەی كارمەندەكانی وەرزشو لاوانی سنە زیاد نەكراوە.
كارمەندێكی ئیدارەی وەرزشو لاوان وێڕای ئاماژە بەوەی كە لە بابەت پێدانی مووچە بە كارمەندانی دەوڵەت جیاوازی داندراوە، گوتی: ئەم بڕە پارەیە بە فیشی كارمەندانی ئیدارەكانی شارە سنووریەكانەوە زیاد كراوە، بەڵام كاتێك لە پارێزگای سنە بەدوای ئەم مەسەلەیەدا چووین، كاربەدەستان بە پاساوی كەمیی بوودجەو ئیعتیبار خۆیان لەم مەسەلە دزییەوە.
ناوبراو لە كۆتاییدا گوتی تا ئێستا هیچ كام لە كاربەدەستانی شارە سنوورییەكان هیچ هەنگاوێكیان بۆ ئەم مەسەلە هەڵنەهێناوەتەوە.