بەندکراوێکی سیاسی ڕاگیراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ناڕوونی چارەنووسی بە دوورینی لێوەکانی مانی لە خواردن گرت.
ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، عادڵ موکەڕەم بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ١٠ مانگ ڕاگیرانی لە بەندیخانە بە بێ ئەوەی چارەنووسی یەکلایی بکرێتەوە، لێوەکانی دوورییەتەوە و مانی لە خواردن گرتووە.
عادڵ موکەڕەم تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی ورمێ، کۆتایی مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردو لە سنووری شاری خۆی لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە دیپۆرتی ئێران کراوەتەوە و بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری خۆی لەژێر لێپرسینەوە بووە و دواتر بۆ بەندیخانەی خۆی و دواجار بۆ بەندیخانەی ورمێ گوازراوەتەوە.
دانیشتنی دادگای عادڵ موکەڕەم مانگێک پێش ئێستا لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر” شەیخلوو” بەڕێوەچوو و تۆمەتی ”ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردستانی و چوونە دەرەوەی نایاسایی لە وڵات“ خراوەتە پاڵ ناوبراو.
جێگای ئاماژەیە کە عادڵ موکەڕەم پێشتر ئەندامی حیزبێکی کوردستانی دژبەری ڕێژیم بووە و سەرەتای هاوینی ٩٨ی هەتاوی چووبووە وڵاتی تورکیە و داوای پەنابەری کردبووکە دواتر ڕەتکرایەوە و پاشانیش دیپۆرت کرایەوە.