لە یەک ڕۆژدا ١٣٦ کەس بەهۆی پەتای کۆرۆناوە لە تاران گیانیان لە دەستدا.
ناهید خوداکەرەمی، بەرپرسی کومیتەی تەندروستیی شۆرای شاری تاران دەڵێ: ڕۆژی یەکشەممە١٣ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، ١٣٦ کەس بەهۆی پەتای کۆرۆناوە گیانیان لە دەستداوە، کە لە دەسپێکی پەرەسەندنی ئەم پەتایەوە تا ئێستا زۆرترین ڕێژەی گیان لەدەستدانە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی شەممە ١٢ی ڕەزبەر بە پێی ئاماری وەزارەتی تەندورستی ئێران، لە هەموو ئێراندا ١٧٩ کەس گیانی لە دەستداوە، یانی لە سەتا ٧٦ی ئەو کەسانەی گیانیان لە دەستداوە لە شاری تاران بوون، هاوکات ئەندامانی شۆرای شاری تاران، داوای داخرانی شوێنە گشتییەکانی شاری تاران بۆ ماوەی دوو حەوتوودەکەن.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی “ئینتخاب”، بەرپرسی کومیتەی سڵامەتی شۆرای شاری تاران، داوا دەکا شاری تاران بۆ ماوەی دووحەوتوو دابخرێ.
لە دانیشتنی شۆرای شاری تاران”موحسێن هاشمی” بەرپرسی شۆرا ئەو داواکارییەی هێنایە بەر باس و دەڵێ: بەرپرسانی باڵای حکوومەت نایانهەوێت دان بەم ڕاستیەدا بنێن، کە شەپۆلی سێهەمی کۆرۆنا زۆر مەترسیدارە و گیانی خەڵک بە گشتی لە مەترسیدایە.
ناهید خوداکەرەمی، ڕۆژی یەکشەممە بەپێداگری لە سەر ئەوەیکە دەبێ شاری تاران بە شێوەی گشتی بۆ ماوەی دووحەوتوو دابخرێ و ئەگەر پێویست بکا ئەم ماوەیە دەبێ درێژ بکرێتەوە، ئەگەر ئەم کارە جێبەجێ نەکرێ، بەرپرسانی حکوومەت دەبێ وڵامدەری خەڵک بن.
ناوبراو دەڵێ: تا ئێستا لە گەڵ چەندین پسپۆڕی نەخۆشینە گوازاوەکان باسمان کردوە، هەر هەموویان لە گەڵ ئەوە هاوڕان، کە دەبێ شوینە گشتییەکان دابخرێ و دەڵێن ئەم شەپۆلە تازەیە زۆر مەترسیدارترە.
خوداکەرەمی هەروەها دەڵێ: ئەگەر بەرپرسانی باڵای حکوومەت ناتوانن لەم بارەیەوە بڕیاریکی درووست و شیاو بدەن، دووبارە بە دروشمی، ئێران پاکترین وڵاتە، چەواشەی ڕاستییەکان نەکەن.