سکرتێری گشتی یەکیەتی وڵاتانی عەرەبی وتی: دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران و تورکیە، هۆکاری سەرەکیی و هەڕەشەیە بە دژی ئاسایش و سەقامگیری وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەت وڵاتە عەرەبییەکان.
ئەحمەد ئەبولغەیس، سکرتێری گشتی یەکیەتی وڵاتە عەرەبییەکان لە وتووێژ لە گەڵ ڕۆژنامەی میسری”ئەلئەخبار” کە ڕۆژی شەممە١٢ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی بڵاوکرایەوە، جەختی لە سەر ئەوەکردەوەکە، ناوچەکە بەرەو قۆناغێکی بێ وێنە لە هەڕەشە و دەستێوەردانەکانی ناوچەیی ئێران و تورکیە بەرەوڕوو بۆتەوە.
ناوبراو دەڵێ: دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران و تورکیە، هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی زۆربەی وڵاتە عەرەبییەکان و بە گشتی ئاسایشی ناوچەکەی تووشی مەترسی کردووە.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەیکە ناوچەگەلێکی عەرەبی و هەروەها شوێنگەلێکی دیکە هەیە کە لە ژێر کۆنترۆڵی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران و تورکیەن وتی: میلیشیا چەکدارو تێرۆریستەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، دەورێکی تێکدەرانەیان هەیە لە هەمبەر سەقامگیری و ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە.
هەروەها ناوبراو وتی: دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران و تورکیە لە وڵاتانی، سووریە، عێراق، لیبی، یەمەن، بەحرەین، ئازەربایجان و ئەرمەنستان، ئۆکراین، وێنێزۆئێلا و کۆریای باکوور و تەنانەت بە شیوەی ناڕاستەوخۆ لە وڵاتە ئورووپاییەکاندا زیادە لە حەد تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانەیە.
ئەبوولغەیس دەڵێ بە باوەڕی من، ئامانج لە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران و تورکیە لە وڵاتانی دیکە، شاردنەوەی کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگە و وڵاتانی خۆیانە و هەروەها تێکدانی سەقامگیری نێوخۆیی وڵاتانی دیکەیە کە ئەم جۆرە دەستێوەردانانە، هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتانی دیکە و بە تایبەت وڵاتانی عەرەبی.
سکرتێری گشتیی یەکیەتی وڵاتە عەرەبییەکان لە هەمبەر کیشە و ئاڵۆزییەکانی یەمەن وتی: ئەم وڵاتە گەیشتوەتە کۆتایی و سەر چاوەکەی دەستێوەردانە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکانە و لە سەرووی هەموویانەوە میلیشیا چەکدارە حوسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانن، کە هەرکات هیوایەک بۆ ڕێککەوتن دەبیندرێ، ڕێژیمی ئیران بە هۆی میلیشیا چەکدارەکانیەوە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی یەمەن دەکا و هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیریە لەو وڵاتە.