لە تارانی پێتەختی ئێران، قوتابخانە، کتێبخانە، مزگەوت و دامەزراوە گشتییەکان بۆ ماوەی یەک حەوتوو داخران، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی کۆرۆنا لەو شارە.
عەلیڕەزا زاڵی، بەڕێوەبەری ناوەندی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە تاران، پێشتر داوای جێبەجێکردنی ڕێکاری توندی کردبوو.
بەوهۆیەوە لە تاران زانکۆ، کتێبخانە، مۆزەخانە، هۆڵی شانۆ، هۆڵی لەشجوانی و شوێنە گشتییەکان دادەخرێن.
زاڵی ئاماژەی بەوەش کرد کە، رێژەی مردن سەدا ٣یە و رۆژانەش حاڵەتەکان زۆرتر دەبن.
ئەم بڕیارە تاکوو ڕۆژی هەینی داهاتوو جێبەجێدەکرێت و هێشتا بڕیار لەسەر درێژکردنەوەی نەدراوە.
شایانی باسە کە ٤٦٨هەزار حاڵەتی کۆرۆنا لە ئێران تۆمار کراوە و ٢٦هەزار و ٧٤٦ کەسیش بەوهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش بەگوێرەی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی ڕێژیمی ئێرانە.