سەرەڕای یاسا و ڕێسای نێونەتەوەیی و مرۆیی لە هەمبەر نەخۆشینە کوتوپڕ و قورسەکاندا کە دەبێ بە بێ تێچوو چارەسەری خەڵک بکرێ کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ چارەسەریی پەتای کۆرۆنا تێچوویەکی زۆری خستۆتە سەرشانی خەڵک و ئەمەش بۆتە هۆی گیان لەدەسدانی بەشێکی بەرچاو لەو خەڵکەی کە تووشی کورۆنا بوون.
نوێنەری مەهاباد لە مەجلیسی ڕیژیم لە وتووژێک لەگەڵ هەواڵدەریی “فارس” ڕایگەیاندووە: “٤٠ کەس لە هاووڵاتییانی تووشبوو بە نەخۆشیی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی مەهاباد و ورمێ، بەهۆی تێچووی زۆری چارەسەریی نەخۆشەکان و بێتوانایی لە دانی ئەو پارەیە لەلایەن بنەماڵەی تووشبوانەوە، بەرپرسانی ئەو دوو نەخۆشخانەیە نەخۆشەکانیان زیندانی کردووە و مەرەخەسیان ناکەن”.
ئەو نوێنەرەی مەجلیس هەروەها ڕایگەیاندووە: “٦٠ کەس لە هاووڵاتییانی تووشبوو بەڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی خومەینی لە شارەکانی مەهاباد و ورمێ خەوێندراون کە تێچووی هەر نەخۆشێک لەنێوان ١٠ هەتا ٤٠ میلیۆن بەراورد کراوە کە ٢٠ کەسیان مەرەخەس کراون و ٤٠ کەسیان بەهۆی نەبوونی پارە لە نەخۆشخانە ڕاگیراون”.
زیادیشی کردووە: “زۆربەی ئەو کەسانە ئەندامی کۆمیتەی ئیمداد یان ڕێکخراوی بێهزیستی یان بێسەرپەرستن”.
ناوبراو لە درێژەی وتووێژەکەیدا ئاماژەی بە ژنێکی دووگیانی کۆرۆنایی کردووە کە ئیزنی مەرەخەسییان پێی نەداوە و ڕایگەیاندووە: “ژنێکی دووگیانی دانیشتووی یەکێک لە گوندەکانی سەردەشت کە تووشی کۆرۆنا ببوو، ٤ ڕۆژ پێش دەبا لە نەخۆشخانەی خومەینیی ورمێ مەرەخەس کرابایە، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارەی دەوا و دەرمانی نەخۆشخانە، بە زۆرەملێ ڕاگیراوە.
لەلایەکی دیکەوە هاووڵاتییەکی دیکە بۆ تێچووی پارەی نەخۆشخانە گوارەی کچە تەمەن سێ ساڵانەکەی فرۆشتووە هەتا ئیزنی مەرەخەسکردنیان پێ داوە”.
شایانی باسە کە لە سەرەتای بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی کۆرۆنا لە ئێران و بە تایبەت کوردستان بەشێکی بەر چاو لە خەڵکی کوردستان کارەکانیان لە دەستدا و بەهۆی داڕمانی ئابووری وڵات و دابەزینی نرخی دراوی ئێرانی و بێکاری بنەماڵەکان، بنەماڵەکان توانایی دابینکردنی بژێوی ژیانی ڕۆژانەشیان نییە و تێچووی دەرمانی نەخۆشەکانیان پێ دابین ناکرێ و کاربەدەستان و بەرپرسانی دەوڵەت و وەزارەتی تەندروستیش ئەو دۆخەی خەڵک لە بەرچاو ناگرن و خەڵک ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەکەونە ژێر گوشاری ئابوورییەوە و هێڵێ هەژاری بەرزتر دەبێتەوە.