بەرپرسی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی سینا، بە وتنی ئەوەیکە ڕێژەی تووشبوونی میرمنداڵان بە پەتای کۆرۆنا لە هەڵکشاندایە ڕایگەیاند کە زیاتر لە ٣٠هەزار مێرمنداڵی ژێر تەمەنی ١٨ ساڵ تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و زیاتر لە ٣٠٠ کەسیان گیانی لەدەستداوە.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی”بۆڕنا” ڕۆژی هەینی ١١ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی”حوسێن کرمانپوور” بەرپرسی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی سینای تاران ڕایگەیاندکە شەپۆلی سێهەمی کۆرۆنا لە شەپۆلەکانی پیشوو زۆر مەترسیدارترە.
ناوبراو دوای ئەوەیکە ڕایگەیاند بە هۆی پەتای کۆرۆناوە، کە سەرپەرەستی بنەماڵەکان گیانیان لە دەستداوەو بەم هۆیەوە باری گوزەرانی بنەماڵەکان لە دۆخێکی خراپی ئابووریدایە وتی: زۆربەی بنەماڵەکانی کادری دەرمانی کە گیانی خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەو، پاراستنی گیانی هاوڵاتییان بە دژی پەتای کۆرۆنا بەخشیوە، نانی شەویان نییە و هەرلەم پێوەندیەشدا بەرپرسانی وڵات تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی ئەرێنییان هەڵنەهێناوەتەوەو تەنیا دروشم دەدەن، کە دروشمیش سفرەی بەتاڵی ماڵەکانیان پڕناکاتەوە.
ناوبراو دەڵێ بەپێی هەموو ستانداردەجیهانییەکان، دەبێ لانی زۆر ٨٠تا٨٥ لە سەدی تەختەکانی نەخۆشخانەکان نەخۆشیان لە سەر بێ و ١٥تا٢٠ لە سەدی بەتاڵ بێ، کە بەداخەوە لە نەخۆشخانەکانی ئێران بە هۆی زۆری نەخۆش و نەبوونی تەخت و کەرەستەی پێویست بۆ چارەسەری نەخۆشەکان، زۆربەی تووشبوان بە پەتای کۆرۆنا گیانیان لە دەست دەدەن.
ناوبراو دەڵێ بە هۆی کرانەوەی قوتابخانەکانەوەو ڕەچاو نەکردنی ڕێنوێنییە تەندروستییەکان، ڕێژەی تووشبوونی قوتابیان و مێرمنداڵان بە پەتای کۆرۆنا لە هەڵکشاندایەو ئەمە زەنگی مەترسیەو دەبێ بنەماڵەکان زۆر ئاگاداری منداڵەکانیان بن.