کۆڵبەرێکی خەڵکی سەردەشت لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بە تەقەی ڕاستەخۆی هێزەچەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرا
بەپێی هەواڵی چاونیوز(ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، ڕۆژی شەممە ١٢ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەسەر سنووری هەنگەژاڵی بانە تەقە لە دەستەیەک کۆڵبەر دەکەن کە لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بەناوی “مەهدی زارعی” کەوتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە و گیانی لەدەستدا.
هەر بە وتەی سەرچاوەکەی چاونیوز “مەهدی زارعی” خەڵکی سەردەشتە و لەبەر بێکاری و نەبوونیی ڕووی لە کۆڵبەری کردبوو.
شایانی باسە کە بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی کوردستان لە بەر نەبوونی کار و بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی ڕۆژانەیان لە شارە و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان ڕوو دەکەنە پیشەی پڕ لە مەترسیی کۆڵبەری، ئەو کۆڵبەرانە پێش ئەوەی لە ماڵ بڕۆنە دەرێ دەزانن لەگەڵ مەترسیی مەرگ، مان ونەمان بەرەوڕوو دەبنەوە بەڵام لە بەر ناچاری و دۆخی سەخت و دژواری ژیان لە پێناو پەیداکردنی نان و بژێوی ژیان ڕوو دەکەنە سنوورەکانی کوردستان کە ساڵانە بە دەیان کەس لەو ڕێگایە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەکەونە بەر تەقەی ڕاستەوخۆ و گیانیان لە دەست دەدەن یان بریندار و کەم ئەندام دەبن.
جێی وەبیرهێناوەیە کە لە مانگی ڕابردووی زایینیدا لانیکەم ٢٦ کۆڵبەر بە دەستی ئەو هێزانە کوژراو بریندار بوون